زێباری: باشترین چارەسه‌ر ڕێككه‌وتنی هەرێم و بەغدایه‌.. شنگالییەكان لە دۆخێكی خراپدان

زێباری: باشترین چارەسه‌ر ڕێككه‌وتنی هەرێم و بەغدایه‌.. شنگالییەكان لە دۆخێكی خراپدان
- بابەكر زێباری دەڵێ، تاوەكوو ئێستا توركیا بە كردار هێرشی بۆ سەر شنگال بەرپا نەكردووە، بەڵام خەڵكی شنگال هەست بە مەترسییەكی زۆر گەورە دەكەن، بۆیە باشترین چارە ئەوەیە، هەرێم و بەغدا لەبارەی ئەو ناوچەیەوە رێككەوتنێك بكەن.

لە دوای ڕووداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەر، حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەكان دەستیان بەسەر شنگال و ناوچەكانی دیكەدا گرت و، پەكەكەیش هەر لەوێ مایەوە و خەڵكیش لە ژێر دەستەڵاتی ئەواندا دۆخیان زۆر خراپە كە ژمارەیان نزیكەی 20هەزار كەس دەبێت و، لە ئێستادا بە هۆی بوونی پەكەكە لە ناوچەكەدا، توركیا هەڕەشەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن بۆ سەر شنگال دەكات.

بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای دیجلەی هێزی پێشمەرگە، بابەكر زێباری، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەو هەڕەشانەی لەلایەن توركیاوە دەكرێن، تاوەكوو ئێستا هیچیان بە كردار جێبەجێ نەكراون و پەكەكەیش وا خۆی كۆ دەكاتەوە بۆ ئەوەی بكشێتەوە و، تەنیا هێزەكانی دیكەی لەوێ دەمێنن كە لەلایەن حەشدی شەعبییەوە بۆیان دامەزرێندراون، بەڵام ئەوانەی بیانی هەندێك رۆییشتوون و بڕیارە ئەوانەی دیكەیش بكشێنەوە".

زێباری گوتیشی: "هێزەكانی یەپەشە و ئەوانەی دیكەیش هەموویان لەلایەن حەشدی شەعبییەوە دامەزراون هاوشێوەی پەیەدە، كە ئەوانیش سەر بە پەكەكەن و، تا ئێستایش دیار نییە توركیا ئەمە قبووڵ دەكات یاخود نا، بۆیە مەترسی لەسەر شنگال بەردەوامە و خەڵكی شنگال زۆر دەترسن، ئێمەیش ئەوانمان ئاگادار كردووەتەوە كە خۆیان لەو هێزانە بەدوور بگرن و بچنە شوێنێكی دیكە و خۆیان تووشی بەڵای دیكە نەكەن ئەگەر فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا ئەوان بۆردوومان بكەن".

بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای دیجلە ئاماژەیشی دا: "هەندێك هێز لەلایەن عێراقەوە لە سنووری رەبیعە و زوممار رەوانەی شنگال كراون، بەڵام ژمارەیان زۆر كەمە كە سەر بە فیرقەی 15ی سوپای عێراقن، بە رای من ئەمە سیناریۆ نییە بۆ ئەوەی عێراق هێزی زیاتر رەوانەی ناوچەكە بكات، چونكە لە دەستی خۆیاندایە".

ئەو هەروەها دەشڵێت: "خەڵكی شنگال لە دۆخێكی زۆر خراپدان لە ژێر دەستەڵاتی حەشدی شەعبی و پەكەكە و لەلایەكیش توركیا هەڕەشەیان لێ دەكات، بۆیە باشترین چارە ئەوەیە، رێككەوتنێك لە نێوان هەرێم و بەغدا لەبارەی شنگالەوە ئەنجام بدرێت".
kdp-
Top