ڤیان دەخیل بۆ یان کۆبیش: ١٠ هەزار خێزانی ئێزدی لە مەترسیدان

 	 ڤیان دەخیل بۆ یان کۆبیش: ١٠ هەزار خێزانی ئێزدی لە مەترسیدان
ئەندامێکی کوردی ئێزدی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رەوشی شنگالی لەگەڵ یان کۆبیش تاوتوو کرد و ڕایگەیاند، ئێستا ڕەوشی ئیزدییان زۆر خراپە، بەتایبەت لە قەزای شنگال.

دوێنێ لە شاری ترابزۆن لە بەردەم جەماوەرێکی گەورەدا سەرۆککۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆگان ڕایگەیاند، ئەوان بەردەوام دەبن لە ناوبردنی تیرۆر لە ناوخۆ و دەرەوە و ئێستاش ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە دژی پەکەکە لە شنگال دەستی پێ کردووە.

رۆژێک پێش گوتارەکەی ئەردۆگان، گوتەبێژی هەپەگە، ڕیڤان وەڵات بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕایگەیاندبوو، پەکەکە چیی تر لە شنگال نامێنیت و دەکێشێتەوە.

لەسەر ڕەوشی ناوچەکە و مەترسی لەسەر ئێزدییان، ڤیان دەخیل، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "ئێمە لەگەڵ یان کۆبیش، نوێنەری تایبەتی ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆ بووینەوە و لە کۆبوونەوەکەدا پێمان ڕایگەیاند، ئیستا لە چیای شنگال و دەوروبەری ١٠ هەزار خێزانی ئێزدی لە ژێر هەڕەشە و مەترسیدان، چونکە دوور نییە جارێکی دیکە شەڕ ناوچەکە بگرێتەوە و ئەویش بە پێی دوایین لێدوانی تورکیا کە بڕیارە هێڕش بکەنە سەر بارەگاکانی پەکەکە لە شنگال و پاراستنی ئەو سڤیلانە بەرپرسیارەتیی هەموومانە."

دەخیل گوتی: "ناکرێت بۆشایی لەم ناوچەیە دروست ببێت و دەبێ ڕێگە نەدرێت هەرکەس دەرفەت پەیدا بکات و کەشەکە بۆ خۆی بە گونجاو ببینێت، دووبارە ‌‌هێزە توندڕەوەکان بێنێتەوە ناوچەکە و زیان بە ئێزدییان و تەواوی پێکهاتەکان بگەیەنێت."

ناوبراو ڕایشیگەیاند: "پێویستە پلانێکی نێودەڵەتی بۆ شنگال و دەوروبەری هەبێت بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ئەو ڕووداوانەی لە شنگال ڕوویان دا، دووبارە نەبنەوە و پێویستە هەموو دنیا ڕووبەڕووی تیرۆریستان ببنەوە لەم ناوچەیەدا و ئەوانەیشی دەستیان لە کۆمەڵکوژیی ئێزدییاندا هەبوو، بدرێنە دادگا."
kdp-
Top