سۆران سێوکانی: ھەندێ پەرلەمانتار بۆ کۆکردنەوەی دەنگ بەشداریی خۆپیشاندانی فەرمانبەران دەکەن

 سۆران سێوکانی: ھەندێ پەرلەمانتار بۆ کۆکردنەوەی دەنگ بەشداریی خۆپیشاندانی فەرمانبەران دەکەن
نووسەرێکی ناسراوی سلێمانی ئاشکرای دەکات، باشترە پەرلەمانتاران بەشداری و تێکەڵی خۆپیشاندانی فەرمانبەران نەبن، چونکە ھەموویان خانووی گرانبەھایان ھەیە و مەبەستییانە دەنگ بۆ حزبەکانیان کۆ بکەنەوە.

سۆران سێوکانی، چاودێری سیاسی و توێژەر لە بواری ئیسلامی سیاسی، ڕایگەیاند: "بەھۆی نزیکبوونەوەی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق، بەشێکی زۆر لە کاندیدەکانی کۆمەڵی ئیسلامی و لایەنە سیاسییەکانی دیکە خۆیان خزاندووەتە ناو خۆپیشاندانی مامۆستایانی ناڕازی و فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان، بێگومان کاندیدی حزبەکان ئامانجیان ئەوەیە لەو ڕێگەیەوە ھوتاف دژی حکوومەت بکێشن بۆ ئەوەی خۆیان بەخەڵکی بناسێنن و تاکوو بتوانن لە ھەڵبژاردنەکاندا دەنگی باش بۆخۆیان کۆ بکەنەوە".

ئەو نووسەرە کوردە ڕوونیشی کردەوە: "سەلیم شووشکەیی، کە پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامییە، کاری سەرەکیی ئەو ئەوەیە، لە بەغدا بە مەبەستی داکۆکی لە مافەکانی گەلی کورد ھوتاف بکێشێت، نەک لە بەغداوە بێتەوە دژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھوتاف بکێشێت، بەڵام دیارە سەلێم شووشکەیی و ھەموو ئەو کەسانەی کە کاندید کراون، تەنھا بۆ کۆکردنەوەی دەنگ بەشداریی خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان دەکەن".

سۆران سێوکانی ئاماژەی بەوەش دا: "مامۆستایان و فەرمانبەران مافی خۆیانە خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی ئەنجام بدەن، بەڵام ئەو پەرلەمانتار و کاندیدانە کاتێک باسی گەندەڵی دەکەن، خۆیان لە ھەموو کەسێک گەندەڵترن، ھەروەھا ھیچ خەمی ئەم میللەتەیان نییە، چونکە ئەگەر سەیری ژیانی ئەو پەرلەمانتارانە بکەین، دەزانین خانووەکانیان بە بڕی یەک ملیۆن دۆلار کڕیوە و ھەموو مانگێکیش بڕی سێ دەفتەر دۆلار مووچە وەردەگرن، بێگومان کاتێکیش خۆیان تێکەڵی خۆپیشاندانی فەرمانبەران دەکەن، تەنھا مەبەستیان ئەوەیە دەنگ کۆ بکەنەوە و خۆڵ بکەنە چاوی خەڵکەوە".












باسنیوز
Top