سەرکردەیەکی گۆڕان بەشێک لە مامۆستایان بە ”خیانەتکار“ ناو دەبات

 سەرکردەیەکی گۆڕان بەشێک لە مامۆستایان بە ”خیانەتکار“ ناو دەبات
لە چوارچێوەی قۆستنەوەی ئەو ناڕەزاییەی کە لەنێو مامۆستایاندا دژی دواکەوتنی مووچە و سیستەمی پاشەکەوت درووست بووە، سەرکردەیەکی بزووتنەوەی گۆڕان بەشێک لە مامۆستایان بە ”خیانەتکار“ وەسف دەکات.

ئەمڕۆ یەکشەممە 25/3/2018، لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان، مامۆستایان خۆپیشاندانی ناڕەزایەتییان لە دژی سیستەمی پاشەکەوتی مووچە و دواکەوتنی مووچەکانیان ئەنجام دا، بەڵام پەرلەمانتاران و ژمارەیەک لە حزبەکان وەک ناڕەزایەتییەکانی ڕابردوو، بارودۆخەکەیان قۆستەوە و چوونە نێو ئەو ناڕەزاییانەوە، بەو هۆیەشەوە گرژی و ئاڵۆزی دروست بوو.

هەر لەم چوارچێوەیەدا عەبدوڵای کوێخا موبارەک، سەرکردە لە بزووتنەوەی گۆڕان، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردووەتەوە: ”هەر مامۆستایەك نەچێتە شەقام لەگەڵ هاوڕێكانی و بەشدار نەبێت لەم شۆڕشە، خیانەتی لە خۆی و پیشەكەی و ناوی مامۆستا كردووە“.


لە بەرامبەر ئەو قسانەی عەبدوڵای کوێخا موبارەکدا، بەختەوەر سەپان، یەکێک لە مامۆستایانی شاری هەولێر کە بەشداری لە خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆ یەکشەممەدا کردووە، ڕایگەیاند: ”خۆپیشاندانەکەی ئێمە ئارەزوومەندانەیە و کەس ناچار ناکەین بێتە خۆپیشاندانەوە“.

جەختیشی لەوە کردەوە کە ”بەخیانەتکارکردنی مامۆستا“ لەسەر بنەمای بەشداریکردنی لە خۆپیشاندان یان بەشدارینەکردنی، ”کارێکی خراپە و لە مامۆستایانی ڕاستەقینەی ناڕازی“ ناوەشێتەوە.










باسنیوز
Top