بەرپرسێکی گۆڕان لە ھەڵسووراوێکی سەر بە بزووتنەوەکە دەدات
سەباح عەلی قارەمانی، ھەڵسووڕاوی گۆڕان ڕايگەیاند: "بەھۆی ڕەخنەگرتنەوە، سەرکەوتی کوبە و پاسەوانەکانی لەناو گردەکەی گۆڕان، بە شەق و بۆکس و بە شێوازێکی نەشیاو، بەربوونە گیانم و لووتم تووشی خوێنبەربوون بووە و دەستێکیشم درزی بردووە".
گوتیشی: "ئەمڕۆ لە گردەکەی بزووتنەوەی گۆڕان سەرکەوتی کوبە بەرەو ڕووم ھات و ڕاستەوخۆ پێی گوتم، بۆچی ڕەخنە لە کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا دەگریت، منیش لە وەڵامدا گوتم، ئەوە ھیچ پەیوەندییەکی بەتۆوە نییە بەڵام سەرکەوتی کوبە زللەیەکی لێ دام، دواتر بەخۆی و پاسەوانەکانی بە شەق و زللە ھێرشی توندیان کردە سەرم".
ئاماژەی بەوەش دا، کە پێشتر بەھۆی ڕەخنەکانییەوە، ڕووبەڕووی ھەڕەشەی "کوشتن" بووەتەوە، دەشڵێت: "زۆر جاریش لەلایەن بەرپرسەکانی گۆڕانەوە ھەڕەشەم لێ کراوە، بەڵام خودی نەوشیروان مستەفا ڕێگر بووە، ئێستاش کاتێک لەلایەن بەرپرسێکی باڵای گۆڕانەوە ھێرش کراوەتە سەرم، مانای ئەوە ناگەیەنێت ئیتر من بێدەنگ دەبم و ناتوانم ڕەخنە بگرم، بەپێچەوانەوە ھەموو ترس و تۆقاندن و چاوسوورکردنەوەیەک، زیاتر ھانم دەدا بۆئەوەی ڕەخنە بگرم".
دەربارەی ئەوەی سکاڵای یاسایی لەسەر بەرپرسەکەی بزووتنەوەی گۆڕان تۆمار دەکات، سەباح عەلی قارەمانی، باسی لەوە کرد، کە جارێ سکاڵای یاسایی لەدژی بەرپڕسەکەی گۆڕان تۆمار نەکردووە، بەڵام سەندیکای ڕۆژنامەنووسان و سەنتەری میترۆ و ناوەندەکانی دیکەی ئازادی ڕادەربڕینی لەو "پێشێلکاری"یە ئاگادار کردووەتەوە.
باسنيوز
