گرووپی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر سەردانیکردنی کەرکووکیان لێ قەدەغە دەکرێت
دوای ئەوەی لاهوور جەنگی بە مەبەستی ”خۆنمایشکردن“ جنێوی بەو پارێزگارەی کەرکووک دا کە لە سایەی خیانەتی گرووپی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە پۆستەکەی پێ دراوە، ڕاکان جبووری، پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک بڕیاری داوە، سکاڵا لە دژی لاهوور جەنگی تۆمار بکات و فەرمانی دەستگیرکردنیشی بۆ دەربکات.
هەمان سەرچاوە ئاشکرای کرد کە ئەگەر پشووی نەورۆزی بەسەردا نەهاتایە، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا فەرمانەکە دەردەکرا، بەڵام بەهۆی پشووەکانەوە خراوەتە چەند ڕۆژی داهاتوو.
ئیدارەی کەرکووک هەوڵ دەدات بڕیارێک دەربکات، بۆ ئەوەی چیتر سەرانی گرووپی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر، لەنێویشیاندا ئاراس جەنگی، برای لاهوور جەنگی، ڕێگەی چوونە نێو کەرکووکیان پێ نەدرێت.
لە پرێس کۆنفرانسێکدا وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر قسەکەی لاهوور جەنگی، ڕاکان جبووری ڕای گەیاند، ئەو شێوازەی لاهوور جەنگی قسەی پێ کردووە، قەبوڵ نییە و ”قسە دەرخەری سیفەتی قسەکەرە“. جەختیشی لەوە کردەوە کە لاهوور جەنگی هیچ بەرپرسیارێتییەکی لە کەرکووک نییە و بۆ ئیدارەی کەرکووکەوە مێوانێک نییە پێشوازی لێ بکەن.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، کەرکووک لەلایەن حەشدی شەعبی و هێزەکانی سەر بە عێراق داگیر کرا، دواتریش هەریەک لە کۆسرەت ڕەسوڵ، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی و شێخ جەعفەر مستەفا، فەرماندەی یەکەی ٧٠ی پێشمەرگەی یەکێتی و نەجمەدین کەریم کە ئەوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بوو، ئەوەیان ئاشکرا کرد کە گرووپێک لەنێو خودی یەکێتی ڕێککەوتنی ژێربەژێریان لەگەڵ میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و هێزەکانی عێراق کردووە و ئەو هێزانەی لەژێر فەرمانی لاهوور جەنگی و پاڤڵ تاڵەبانی، کوڕی گەورەی جەلال تاڵەبانی بوون، بڕیاری پاشەکشێیان پێ دراوە و ”خیانەت“ لە کەرکووک کراوە.
باسنيوز
