پەرلەمانتارێک: حکوومەتی عێراق گوێی بە قسەکانی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی نەدا

 پەرلەمانتارێک: حکوومەتی عێراق گوێی بە قسەکانی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی نەدا
ئەندامێکی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕای دەگەیەنێت، کە حکوومەتی عێراق "تاوانبار"ە بەرانبەر کوردستان و خەڵکەکەی، ھەروەھا سەرەڕای ئەوەی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی گوتی کە شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان 10 تریلیۆن دینارە، بەڵام "عێراق گوێی بەو قسەیە نەدا".

حاکم سەرحان ئەحمەد، ئەندامی لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕايگەیاند: ”سەرەڕای ئەوەی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی گوتی شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان لە بوودجەی 2018ی عێراق 10 تریلیۆن دینارە، بەڵام حکوومەتی عێراق پابەندی ئەو قسەیە نەبوو و گوێی پێ نەدا، ھەر چەندە عێراق دەیزانی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان زیاتر لە یەک ملیۆن کەس دەبن، کەچی تەنیا 682 ھەزار فەرمانبەریان حیساب کردووە، بەپێی ئەو حیسابەی خۆشیان بوایە، دەبوو بڕی 500 ملیار بۆ ھەر مانگێک بۆ ئەو فەرمانبەرانە بنێردێ، بەڵام عێراق ئەوەشی نەکرد، ئەو پارەیەشی ناردوویەتی، زۆر کەمترە لە شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان “.

ئەندامەکەی لێژنەی دارایی له پەرلەمانی عێراق بە "تاوانبار" دەزانێت و دەڵێت: ”عەبادی و حکوومەتەکەی بە چاوێکی ناشیرین و نادادپەروەری و نادەستووری سەیری خەڵکی کوردستان و فەرمانبەرانمان دەکەن، سەرەڕای ئەوەی حکوومەتی عێراق بەڵێنی دا تەنیا پارەی وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە کە 200 ملیارە، بینێرێت، بەڵام 317 ملیاری نارد بۆ پێشمەرگە و ھەموو وەزارەتەکان، ئەگەر ئەو پارەیە دابەش بکەیت، ھەر فەرمانبەرێک 430 ھەزار دیناری بەرناکەوێت".

حاکم سەرحان بە پێویستی دەزانێت، کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان فشارێکی گەورە بخاتە سەر حکوومەتی عێراق تا شایستە داراییەکانی وەک پێشتر بۆ بنێرێت، چونکە "حکوومەتی عێراق بەرانبەر خەڵکی کوردستان تاوانبارە، لەبەر ئەوەی تا ئێستا خەڵکی کوردستان ھەویەی عێراقییان پێیە و بەشێکن لە عێراقی فیدراڵ"، ئاشکراشی کرد، کە زانیاری لە بارەی بەردەوامبوونی 317 ملیار دینارەکە بۆ ھەرێمی کوردستان نییە.











باسنيوز
Top