به‌بۆنه‌ى نه‌ورۆزه‌وه زیاتر له 142 هه‌زار گه‌شتیارى عه‌ره‌ب و بیانى هاتوونه‌ته عێراق
ده‌سته‌ى ده‌روازه سنوورییه‌كانى عێراق، ڕای ده‌گه‌یه‌نێت به‌بۆنه‌ى یاده‌كانى جه‌ژنى نه‌ورۆزه‌وه له‌ماوه‌ى شه‌ش ڕۆژدا زیاتر له 142 هه‌زار گه‌شتیارى عه‌ره‌بی و بیانى هاتوونه‌ته عێراقه‌وه.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 22\3\2018، به‌پێى ڕاگه‌یه‌ندراوێكى ده‌سته‌ى ده‌روازه سنوورییه‌كانى عێراق، كه وێنه‌یه‌كى ده‌ست كه‌وتووه، تێدا هاتووە: "به‌مه‌به‌ستى به‌شداریكردن له جه‌ژنى نه‌ورۆزدا، له‌ماوه‌ى 6 ڕۆژدا و له 16 تا 21/3/2018 كه یه‌كه‌م ڕۆژى جه‌ژنى نه‌ورۆزه 142 هه‌زار و 403 گه‌شتیارى عه‌ره‌بى و بیانى هاتوونه‌ته عێراقه‌وه".
به‌پێى ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی ده‌سته‌ى ده‌روازه سنوورییه‌كانى عێراق، گه‌شتیاره‌كان له ده‌روازه سنوورییه‌كانى (زڕباتیه، شیب، شه‌لامچه، فڕۆكه‌خانه‌ى به‌سره و نه‌جه‌فه‌وه) هاتوونه‌ته عێراقه‌وه، ده‌روازه‌ى سنوورى (زڕباتیه) ش له‌پله‌ى یه‌كه‌مدایه له‌ڕووى هاتنه‌ناوه‌وه گه‌شتیارانه‌وه كه ڕێژه‌كه‌ى زیاتر له 68 هه‌زار گه‌شتیاره ته‌نها له‌و ده‌روازه‌یه‌وه.
هەر ئەمڕۆ، دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە دا، کە تا رۆژێک بەر لە جەژنی نەورۆز، 76 هەزار گەشتیار، روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە.
BAS NEWS-
