موسەنا ئەمین: قه‌بووڵی ناکەین سوپای تورکیا قەندیل بۆدروومان بکات

موسەنا ئەمین: قه‌بووڵی ناکەین سوپای تورکیا قەندیل بۆدروومان بکات


سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق باس لە لەشکرکێشیەکانی سوپای تورکیا بۆ سەرخاکێ ھەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت، پێویستە تورکیاو پەکەکە لەڕێگەی ئاشتییەوە کێشەکانیان چارەسەر بکەن.



ئێوارەی ئەمڕۆ پێنج شەممە 22/ 3 2018 موسەنا ئەمین، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوی ئێسلامی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ،لەکۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا كه‌ په‌یامنێر ئاماده‌ى بوو، ڕایگەیاند، كه‌ سوپای تورکیا بەپاساوی بوونی چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) پەلاماری خاکی کوردستان دەدات، گوتیشی: "بەداخەوە ھەمیشە بەھۆی بۆردومانەکانی سوپای تورکیاوە ھاوڵاتیانی سڤیل دەبنە قوربانی".



به‌پێویستیشیزانى، تورکیا رێز لە سەروەری خاکی کوردستان بگرێت، ھەروەھا پەکەکە و تورکیا بگەڕێنەوە مێزی گفتوگۆ و لەڕێگەی دانووستانەوە کێشەکانی خۆیان چارەسەربکەن.



سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو داوا لە حکوومەتی ھەرێمی كوردستان و پەرلەمانی عێراق دەکات، کە بەرامبەر لەشکرکێشیەکانی سوپای تورکیا هەڵوێستی جیدیان ھەبێت، ھەروەھا داوا لە چەکدارەکانی (PKK) دەکات، بارەگاکانیان لە نزیک گوند و ناوچەکانی نیشتەجێبووەکان دوور بخەنەوە.



سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە وەڵامی پرسیارێكی پەیامنێر گوتی: "ئەگەر سوپای تورکیا پەلاماری قەندیل بداتەوە، ئێمە دژی دەوەستینەوە و بەپێچەوانەی یاسایی نێودەوڵەتی دەزانین، بەپێی ڕێکەووتنی حکومەتی ھەرێم و حکومەتی عێراق ڕێگەدراوە، ھێزە چەکدارەکانی (PKK) لەسنووی قەندیل جێگیربن، بێگومان تورکیاش ئەوەی پەسەندکردووە، بەڵام ئێستا نازانین بۆچی سوپای تورکیا بەبیانوی چەکدارەکانی (PKK) ھێرش بکاتە سەر گوندەکانی ئێمە".



ئه‌وه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ شەوی رابردوو، فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی سوپای توركیا، به‌بیانووی بوونی چەکدارانی په‌كه‌كه‌، چه‌ند ناوچه‌یه‌كیان له‌ دۆڵی باڵه‌یان له‌سنووری شارۆچكه‌ی چۆمان، بۆردومان كردو له‌ئه‌نجامدا چوار گه‌نج شەهیدبوون.
BAS NEWS-
Top