چەكدارانی حەشد ئاڵای كوردستان لە سەیرانگەكانی كەركووك دادەماڵن
ئەم هەڵمەتەی ئەمڕۆی چەكدارانی حەشد، كە لە نێو سەیرانگەكانی كەركووك ئەنجامیان داوە و ئاڵای كوردستانیان لەسەر جامی ئۆتۆمبێلەكانی هاووڵاتییان داگرتووە، دوابەدوای سوكایەتییەكانی دوێنێ دێت، كە حەشد لەبەردەم چەكدارەكانی گرووپی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر، بەرانبەر هاووڵاتیانی كەركووك ئەنجامیان دا.
ئێوارەی دوێنێش بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە و لەسەر هەڵگرتنی ئاڵای كوردستان لە شاری كەركووك، زۆرترین سووكایەتی بە هاووڵاتیانی كورد لە كەركووك كراوە و بە لێدان و هێرشكردن ئاڵاكانی كوردستانیان لە خەڵك دەستاند.
لەمبارەیەوە چەندین ڤیدیۆی دڵتەزێن لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاو كرانەوە و هاووڵاتیانی كورد لە كەركووك و شارەكانی تری هەرێمی كوردستان بە توندی رەخنەیان لەم هەڵسوكەوتە شۆڤێنییانەی چەكدار و میلیشیاكانی كەركووك گرت.
جێی باسە لە سایەی خیانەتەكەی گرووپی 16ی ئۆكتۆبەری یەكێتی، شاری كەركووك و بەشێكی گەورەی باشووری كوردستان لەوەتەی مانگی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردووەوە رادەستی میلیشیا شیعەكان و سوپای عێراق كران، لەوساوە بەردەوام سووكایەتی بە مافە نەتەوەییەكانی كورد دەكرێ و هاووڵاتییانی كورد بە خراپترین شێوە لەلایەن میلیشیا شیعیەكانەوە، لە سایەی گرووپی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر سووكایەتیان پێدەكرێت.
باسنيوز
