بەهۆی بۆردومانی فڕۆکەکانی تورکیاوە چوار کەس شەهیدبوون

 بەهۆی بۆردومانی فڕۆکەکانی تورکیاوە چوار کەس شەهیدبوون
بەڕێوەبەری شارەدێی قەسرێ ڕای دەگەیەنێت، ئەو کەسانەی دوێنێ بەهۆی بۆردومانەکەی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە شەهید بوون، سێ کەسیان پێشمەرگەن و یەکێکی دیکەشیان پارێزەرە.

شاخەوان حوسێن، بەڕێوەبەری شارەدێی قەسرێ، ڕايگەیاند: ”کاتژمێر ١:١٠ خولەکی شەوی ڕابردوو، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆردومانی گوندەکانی (سەرکان، ماونان، وەسانان)یان کرد، بەوهۆیەشەوە چوار کەس شەهید بوون، کە سێیانیان پێشمەرگەن و خەڵکی شارەدێی وەرتێ و قەسرێن، ئەوەکەی دیکەش پارێزەرە و خەڵکی دۆڵی سماقوڵییە، هەروەها زیان بەر ڕەز و خانووی هاووڵاتییان کەوتووە“.

ئەو بەڕێوەبەرە شارەدێی قەسرێ، ئەوەشی خستە روو، کە ئەو چوار گەنجە لە ئاهەنگەکەی دوێنێی قەندیل گەڕاونەتەوە و لە یەکێک لەو گوندانەدا مانەتەوە، هەروەها تورکیاش چاودێری کردوون، بۆیە لەو کاتەدا بۆردومانی ئەو شوێنانەی کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا پێشتر هۆشدارییان پێ دراوبوو، کە بۆ ئەو ئاهەنگە نەڕۆن.

ئاشکراشی کرد، کە پەکەکە تاوانباری سەرەکی ئەو ڕووداوەیە، چونکە شەوی ڕابردوو یاری ئاگرینی لەو شوێنانە تەقاندووە بەوە بیانوویان داوەتە تورکیا، هەروەها چەندین جاریش داوا کراوە ئەو ناوچانە چۆڵ بکەن، بەڵام ئەوان بارەگاکانیان لە ناو ماڵان و سەر شەقام و شوێنەگشتییەکاندا داناوە، گوتیشی: ”لە شنگال، مەخموور، سیدەکان و وەرتێش بە هەمانشێوە پەکەکە بە قسەی کەس ناکات، باشە ئەگەر ئەوان کوردایەتی دەکەن و وەک خۆیان دەڵێن خەبات دەکەن، با بڕۆن بۆ شاخ چی دەکەن لە شار و گوندەکاندا ئەگەر ئەوە نەبێ بیانوو بە تورکیا بدەن“.











باسنيوز
Top