بەرپرسێکی پێشووی یەکێتی: ئەوەی لە کەرکووک ڕوودەدات درێژکراوەی 16ی ئۆکتۆبەرە
دوای ئەوەی ڕۆژی 19ی ئادار لاھور جەنگی و ھێزەکەی چوونە کەرکووک بۆ ئەوەی کۆنتڕۆڵی ھەر جوڵە و ڕاپەڕینێکی کوردان لە دژی هێزە داگیرکەرەکانی عێراق لە ڕۆژانی نەورۆزدا بکەن، لەبەرامبەر ئەو ھێزە داگیرکەرەی حوکمی کەرکووک دەکات، لەبەر چاوی لاھوور جەنگی و ھێزەکەیەوە، بە بیانووی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان، سووکایەتییان بە گەنجانی کورد کرد، ھەروەھا تەقە بەسەر خەڵکدا کرا، دواتریش لاھوور جەنگی و ھێزەکەی لە کەرکووک دەرکران.
لەم بارەیەوە حەسەن بارام، جێگری دەست لە کارکێشاوەی بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە خورماتوو، ڕايگەیاند: ” لادانی پەیکەری مام جەلال لە کەرکووک و ئەوەی لە یادی نەورۆزدا لە کەرکووک ڕووی دا، کۆمەڵێ پێشێلکاری بوون، بەڕاستی پێموایە ئەو ڕووداوانە درێژکراوەی ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرن کە لە کەرکووک و ناوچە داگیرکراوەکان دا پەیڕەو دەکرێن“.
ئەو بەرپرسەی پێشووی یەکێتی، ئەوەشی خستە وو، کە ھەندێ ھەوڵی ھاکەزایی و لێداونی بە حەماس دراون بۆ ئەوەی کە لایەنی مەعنەوی خەڵک بەرز بکرێتەوە، بەڵام ئەوانە بە چارەسەر نازانم، بەڵکو دەبێ ھێزی ھاوبەش و ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بگەڕێنەوە ئەو ناوچانە و پارێزگاری لە خەڵک بکات.
ئاشکراشی کرد، لە وردەکاری چوونی ھێزەکەی لاھوور جەنگی ئاگادار نییە و گوتی: ”نازانم بە بڕیاری کێ چووە؟، ئامانجەکەی چی بووە؟، بەڵام ئەوەندە دەڵێم، کاتێ ھێز بۆ کەرکووک بچێ، نابێ بۆ ڕۆژێک و دوو ڕۆژ بڕوات، بەڵکو دەبێ بۆ بەرگریکردن لە مافی خەڵکی ئەو ناوچانە بڕوات، جا ھێزەکە لە ژێر ناوی ھەر لایەن و کەسێک بڕوا“. گوتیشی: ”بە پینە و پەڕۆ کێشەی کەرکووک و ناوچەکانی دیکە چارەسەر نابێت“.
باسنيوز
