پەرلەمانتارێکی عێراق: رێگا بە گەڕانەوەی ئاوارەکانی نەینەوا نادرێت
جەمیلە عوبەیدی، پەرلەمانتاری پارێزگای نەینەوا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا داوای دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی کردووە، کە بڕیارە لە رۆژی 12/5/2018 لە هەموو شارەکانی ئەو وڵاتە و هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت، چونکە ”بارودۆخی کۆمەڵایەتی و مرۆیی لە ناوچە جیاوازەکانی پارێزگای نەینەوا زۆر خراپە“.
جەمیلە عوبەیدی هەروەها رایگەیاندووە، بەشێک لە حزبە عێراقییەکان دەستیان بەسەر سەرچاوە سرووشتی و داراییەکانی پارێزگای نەینەوادا گرتووە و هەڕەشە لە ئاوارەکان دەکەن و رێگایان پێ نادەن بگەڕێنەوە ناوچەکانیان.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە بارودۆخی ئەمنیی پارێزگاکە زۆر خراپە و هێزە عێراقییەکان توانای پاراستنی ئاسایشی %75ـی ناوچەکانی ئەو پاریزگایەیان نییە.
دوای هێرشی رێکخراوی تیرۆریستی داعش و هەرەسهێنان بە سوپای عێراق لەلایەن نزیکەی دوو هەزار چەکداری داعش، زیاتر لە یەک ملیۆن هاووڵاتیی ئەو پارێزگایە ئاوارەی شارەکانی هەولێر و دهۆک لە هەرێمی کوردستان بوون.
دوای رزگارکردنەوەی پارێزگاکە لەژێر دەسەڵاتی داگیرکاریی داعش، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، کە موسڵمانی شیعەمەزهەبن، دەستیان بەسەر ئەو پارێزگایە سوننەنشینەدا گرت و خەڵکەکەش لەترسی زەروزەنگی تایفییانەی چەکدارانی ئەو میلیشیایانە، ناگەڕێنەوە ناوچەکانیان.
حەشدی شەعبی لە زیاتر لە 60 میلیشیای شیعەمەزھەبی عێراقی پێک دێت. بە فەتوای ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق دوای ھەرەس پێھێنانی سوپای عێراق لە مانگی حوزەیرانی 2014 لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، دروست بووە.
باسنيوز
