ئاڵا تاڵەبانی: لە هەولێر بە بەرنامە دەستدرێژی دەكرێتە سەر هاووڵاتیانی عەرەب

ئاڵا تاڵەبانی: لە هەولێر بە بەرنامە دەستدرێژی دەكرێتە سەر هاووڵاتیانی عەرەب

ئاڵا تاڵەبانی پەرلەمانتاری عێراق و ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی، لە كەناڵێكی عێراقیدا رایگەیاند گوایە لە هەولێر بە بەرنامە هێرش دەكرێتە سەر هاووڵاتییانی عەرەب و لێدانی گەنجەكانی بەسرا بە بەرنامە بووە.


ئاڵا تاڵەبانی كە پێش چەند ڕۆژێك لە گرتەیەكی ڤیدیۆیی دیكەدا، گوتبووی شانازی بەخیانەتكردن دەكات بۆ خاتری یەكپارچەیی عێراق، لە دیمانەیەكی كەناڵێكی عێراقیدا دەڵێ "ئەو حاڵەتانەی لێدان لە گەنجانی عەرەب لە هەولێر، بەپێی بەرنامەیەک بەڕێوە دەچێت".


ئاڵا تاڵەبانی، کە بەردەوام پشتگیریی حکوومەتی عێراق لە دژی هەرێمی کوردستان دەکات، لەو بەرنامەیەدا، کە لە سەروبەندی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن دایە، دەیەوێ سۆزی عەرەب بە دژایەتیکردنی کوردستان بەدەست بهێنێت.


ئەو نوێنەرەی یەكێتی لە پەرلەمانی بەغدا لە بەرنامەكەدا بە پێویستی دەزانێ هاووڵاتیانی عێراقی ئاگادار بن و بزانن کە لە هەرێمی کوردستاندا، لە هەولێر بە تایبەت، لێیان دەدرێت.


پەرلەمانتارەكەی یەكێتی لە بەرنامەكەدا بەشێوەیەكی ناراستەوخۆ هەوڵی فتنەنانەوە دەدات و رووداوێكی مشتومڕی د. فەرهاد پیرباڵ لەگەڵ پیاوێكی عەرەب وەها دەگێڕێتەوە "لە هەولێر دەستدرێژی كراوەتە سەر پیاوێكی عەرەبی عەگال بەسەر و بە شەق لێی دراوە و عەگالەكەی لەسەر فڕێ دراوە، چۆن شتی وا دەبێ؟ بەڵام ئەمانە بە بەرنامە ئەنجام دەدرێن".


ئاڵا تاڵەبانی لە ھەڵبژاردنی داھاتووی عێراقدا، کە بڕیارە لە ١٢/٥/٢٠١٨ ئەنجام بدرێت، خۆی لەسەر لیستی (ھاوپەیمانیی بەغدا)ی عەرەبەکان کاندید کردووە و پێشتریش لە کەناڵێکی عێراقی رایگەیاندبوو، کە تاڵەبانییەکان لە بنەڕەتدا لە ھۆزی بەنی ئەسەدی خوارووی عێراقن و شیعەمەزھەب بوونە.
bas news-
Top