مستەفا چاوڕەش: لەمەودوا دەبێ هەموو بڕیارەکانی یەکێتی بە ڕەزامەندیی کۆسرەت ڕەسوڵ بێ
مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانی لەسەر کۆبوونەوەکەی دوێنێ سەرکردایەتی یەکێتیی و ڕێککەوتن لە نێوان باڵی دەستڕۆیشتوو و ناوەند دا بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”بابەتی ڕێککەوتن نییە، ئێمە ھەموومان بە کاک کۆسرەت و ھێرۆخان و ھەموو ئەو کاکانەی لەوێ بوون، یەکێتین، ھەروەھا ئاگام لە ھیچ ڕێککەوتنێکی ژێر بە ژێریش نییە، ئەوەنەی ئاگام لێیە ئێمە ماوەیەکە لەسەر ئەو دۆخەی ناو یەکێتیی چەند جارێکی کۆبوونەوەمان کرد و نەدەگەشتینە ئەنجام و ئیشەکان وەک خۆی بەڕێوەنەدەچوو، بۆیە ھەوڵماندا ھەموو لایەک بەیەکەوە و بە بێ جیاوازی بۆ ئەوەی وابکەین ئەو دۆخە تێبپەڕێت“.
ئەو سەرکردەیەی یەکێتیی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ”ئەو قسانەی گوتەبێژی یەکێتیی کردی، قسەی یەکێتیی و ھەموومانە، کۆبوونەوەکەی دوێنێش وەڵامی ئەوە بوو ھەموومان ھاوڕاین و بڕیاری تێدا نەبوو کە ناکۆک بین، ئەو بڕیارانەش کە دراون ھەمووان دەستیان بۆ بەرز کردووەتەوە و پشتیوانییان لێ کردووە، بۆیە من لای خۆمەوە بە کۆبوونەوەیەکی باشیی دەزانم، بۆیە ئێستا یەکێتیی ھەموو یەک یەکێتییە و ئەگەر لە ڕابردوو خیلافات ھەبێ، دەبێ چارەسەر بکرێ“.
مستەفا چاوڕەش ئاشکراشی کرد: ”دوێنێ کە کۆبووینەوە باڵێ تیا نەبوو، ڕاستە دەم و چاوەکان ھەر کەسە لەوانەیە قەناعەتێکی دیکەی ھەبێت، بەڵام ڕاگەیاندراوەکەی تیایەتی کە کاک کۆسرەت بەرپرسی ڕاستەوخۆی ھەموویەتی و جێگری سکرتێری گشتییە و ھەموو بڕیارەکان ئەبێ ڕەزامەندی ئەوی لەسەر بێت“.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەمڕۆ کاتژمێر ١٠:٣٠ لێژنەی کۆنگرەی کۆدەبێتەوە، ھەروەھا ئەو لێژنەیە پێشتر لە (حاکم قادر حەمەجان، ڕەفعەت عەبدوڵا و یەک دوو کەسی دیکە پێکھاتووە)، بەڵام ئێستە چەند کەسێکی دیکەشی بۆ زیاد کراوە و منیش دەچم بۆ کۆبوونەوەکە، لەگەڵ ئەوەشدا کۆنگرەی یەکێتی لە دوای ھەڵبژاردنی عێراق مانگی ھەشت یا نۆ دەکرێ، بە بڕوای من زۆر گرنگ نییە، ئەگەر بێت و ئێمە خۆمان لە ناو خۆمان ڕێکبکەوین، لەگەڵ ئەوەشدا لە ساڵی ٢٠١٨ کۆنگرە دەبەسترێ.
باسنيوز
