ھاتوچۆی سلێمانی لەبارەی داخستنی تونێلی دەربەندیخان ئاگادارییەک بڵاو دەکاتەوە
ئەمڕۆ یەکشەممە 18/3/2018، بەڕێوەبەرایەتیی ھاتوچۆی سلێمانی ئاگادارییەکی لە پەیجی فەرمیی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاو کردەوە، تێیدا باس لەوە کراوە، بەھۆی بوونی پرۆژەیەکی ئاوەوە لە ناو تونێلەکە لە قەزای دەربەندیخان، کە لەلایەن کۆمپانیایەکەوە جێبەجێ دەکرێت، ئەمڕۆ یەکشەممە تونێلی دەربەندیخان بە ڕووی شۆفێراندا دادەخرێت تا ئێوارە، ئەگەر داخستنەکە درێژەی خایاند، ھاتوچۆی سلێمانی دووبارە ھاووڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە.
ئاماژە بەوەش کراوە، کە ھاتوچۆکردنی ئۆتۆمبێلی بارھەڵگر ڕادەگیرێت تا تەواوبوونی کاری ئەو کۆمپانیایە، ئۆتۆمبێلی بچووکیش لەسەر شاخەوە ھاتوچۆ دەکەن.
لە ڕاگەیاندراوێکی دیکەی ھاتوچۆی سلێمانیدا ڕوون کراوەتەوە، کە کاتژمێر 11ی پێش نیوەڕۆی سبەی دووشەممە 19/3/2018، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی سەبارەت بە ئامادەکارییەکان بۆ ڕۆژانی جەژنی نەورۆز، لەنێو بارەگای بەڕێوەبەرایەتیی ھاتوچۆی سلێمانی لە تاسلوجە ساز دەکرێت.
باسنيوز
