ڕاوێژكاران و توێژەرانی سیاسیی بەریتانیا، ڕۆڵی سەركردایەتیی كورد بەرز دەنرخێنن
رۆژی چوارشەممەی ڕابرد 14-3-2017، شاندێكی پەرلەمانی كوردستان بە مەبەستی پتەوكردنی زیاتری پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و بەریتانیا، سەردانی ئەو وڵاتەیان كردووە و، بڕیارە لە ماوەی چەند رۆژێكدا، چەندین دیدار و كۆبوونەوەی گرینگ لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتەدا ئەنجام بدەن.
ئومێد خۆشناو، كە ئێستا لەگەڵ شاندی پەرلەمانی كوردستان بە سەردانێك لە بەریتانیایە، گوتي: "لە چوارچێوەی سەردانەكەماندا، بە یاوەریی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەریتانیا، لە لەندەن بە سەرپەرشتیی گرووپی سوپا و هێزی دەریایی، كۆبوونەوەیەكی كراوەمان لەگەڵ ژمارەیەك ڕاوێژكار، شرۆڤەكاری سەربازی، ئاكادیمی، توێژەر و ڕۆژنامەنووسی ئەو وڵاتەدا ئەنجام دا و، باس لە ڕووداوە مێژووییەكان، پڕۆسەی سیاسی و ئەمنی، شەڕی تیرۆریستان و پێكەوەژیان، دیموكراسییەت و خواست و ویستی ئازادیخوازانە و سەربەخۆخوازیی خەڵكی كوردستان كرا".
سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی گوتیشی: "لە تەواوی دەربڕینەكانی شاندی پەرلەمانی كوردستاندا، ئەوە خرایە ڕوو كە، ئێمە گەلێكی ئازا و ئازادیخواز و دیموكراسیویستین، بەڵام لە بەرامبەر خواستەكانماندا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چاوەڕوانی زیاتری لێ دەكرێت، لای خۆیشیانەوە، ڕاوێژكار، شرۆڤەكاری ئاساییشی، ئاكادیمی و توێژەر و ڕۆژنامەنووسی ئەو وڵاتە، ڕۆڵی سەركردایەتی و خەڵكی كوردستانیان لەمەڕ پڕۆسەی سیاسی و پارێزگاریكردن لە بەها مرۆیییەكان و دیموكراسی و ئارامی، بەرز نرخاند."
خۆشناو هەروەها دەشڵێ: "هەڵبژاردنەكانی دادێی عێراق، بیركردنەوەی مەزهەبی و پڕۆسەی سیاسی، پێشلكاریی دەستووری و دەستوەردان لە كاروباری عێراق، تەوەرێكی دیكەی دیدارەكە بوو."
شاندەكەی پەرلەمانی كوردستان بۆ بەریتانیا، پێك هاتووە لە جێگری سەرۆكی پەرلەمان دكتۆر جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی، سكرتێری پەرلەمان بێگەرد تاڵەبانی و ژمارەیەك سەرۆكی فڕاكسیۆن و سەرۆك لیژنەی پەرلەمان.
KDP
