سەرکردایەتیی یەکێتی مەکتەبی سیاسیی حزبەکەی هەڵبژاردەوە
سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پرێس کۆنفرانسێکدا کە لەبارەی کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی حزبەکەی ئەنجامی دا، ئاماژەی بەوە کرد، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاری پێکهێنانی دەستەیەکیان بۆ سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنەکان داوە کە لەلایەن کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتییەوە سەرپەرشتی دەکرێت.
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ”یەکێتی یەک لیستی هەیە و هیچ کەسێکی دیکە لە هیچ لیستێکی دیکەدا نوێنەرایەتی یەکێتی ناکات“.
سەعدی پیرە ئاماژەشی بەوە کرد کە پێشتر لە سەرکردایەتیی یەکێتی بڕیار درابوو کە مەکتەبی سیاسی هەڵوەشێندراوەتەوە، بەڵام ”ئەمڕۆ بڕیار درا مەکتەبی سیاسیی پێشوو هەڵبژێردرانەوە تا کۆنگرەی داهاتوو، هەر ئەمڕۆ ئێوارە، مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بۆ دابەشکردنی ئەرکەکان کۆدەبێتەوە“.
دووپاتیشی کردەوە، کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی، جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتییە و ئیشی سکرتێری گشتی دەکات، ”ئەو بڕیار دەبێت تا کۆنگرە“.
ڕوونیشی کردەوە کە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ڕای کادیرانی حزبەکەی وەردەگرێت و دواتر پێشنیازی بەستنی وادەی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی دەخاتە بەردەم سەرکردایەتی.
باسنيوز
