سوپای تورکیا لەبارەی بۆردومانکردنی نەخۆشخانەی عەفرینەوە روونکردنەوە دەدات

 سوپای تورکیا لەبارەی بۆردومانکردنی نەخۆشخانەی عەفرینەوە روونکردنەوە دەدات
سوپای تورکیا بۆردومانکردنی نەخۆشخانەی شاری عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان، رەت دەکاتەوە.



سەرلەبەیانیی رۆژی شەممە 17/3/2018، سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، رایگەیاندووە، ئەو هەواڵانەی باس لە بۆردومانکردنی نەخۆشخانەی عەفرین لەلایەن سوپای تورکیاوە دەکەن، ”دوورن لە راستییەوە“.



شەوی هەینی 16/3/2018، یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا بە سێ مووشەک، نەخۆشخانەی عەفرینیان بۆردومان کردووە و سەرچاوە لۆکاڵییەکانیش باس لەوە دەکەن، کە بەهۆی ئەو بۆردومانەوە 15 هاووڵاتی، گیانیان لەدەست دا.



لە رۆژی 20/1/2018ـەوە، سوپای ئازادی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و سوپای تورکیا بە بەکارھێنانی ھێزی ئاسمانی، زەمینی و تۆپخانە، لەژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی (چلە زەیتوون)، ھێرشیان کردووەتە سەر شاری عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان.




باسنيوز
Top