شاهانەی ئوردنی 14 گەشتی ئاسمانی بۆ هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدات
بەپێی راگەیەندراوێکی هێڵی شاهانەی ئوردنی، لە مانگی نیسانی 2018ـەوە دەست بە گەشتەکانیان بۆ فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی هەولێر و سلێمانی دەکەنەوە.
ئەو هێڵە ئاسمانییە، کە بە یەکێک لە هێڵە ئاسمانییە باشەکانی جیهان دادەنرێت، ئاماژەی بەوەش کردووە، کە دوای دەست پێ کردنەوەی گەشتەکانی، هەفتانە 10 گەشتی ئاسمانی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و چوار گەشتیش بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، ئەنجام دەدات.
رۆژی سێشەممە 13/3/2018، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەکۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ ژمارەیەک ئەفسەر و پلەداری هەردوو فڕۆکەخانەی هەرێمی کوردستان، بڕیاری کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستانی بە رووی گەشتە نێودەوڵەتییەکان. دا و رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە 15/3/2018 هەردوو فڕۆکەخانەکە دەکرێنەوە و تێیاندا دەست بە گەشتە نێودەوڵەتییەکان دەکرێتەوە.
دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە 25ـی ئەیلوولی 2017، کە تێیدا زیاتر لە %92ـی دەنگدەران دەنگیان بە سەربەخۆیی کوردستان و جیابوونەوە لە عێراق دا، حکوومەتی عێراق چەندین سزا و گەمارۆی بەسەر گەلی کوردستاندا سەپاند، لەوانە؛ داخستنی فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی ھەولێر و سلێمانی و بڕینی بەشەبودجەی ھەرێمی کوردستان بە تەواوی.
باسنیوز
