ئەمریكا: ئێران دەستێوەردان لە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق دەكات
ئەمڕۆ هەینی جیم ماتیس وەزیری بەرگریی ئەمریكا، دەسەڵاتدارانی ئێرانی تۆمەتبار كرد و رایگەیاند ئەو وڵاتە دەستێوەردان لە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق دەكات، ئەمەش لەپێناو سەرخستنی ئەو كاندیدانەی لایەنگری تارانن.
ماتیس لە كاتی گەڕانەوەیدا لە گەشتەكەی بۆ عەمان و ئەفغانستان و بەحرەین، بۆ رۆژنامەنووسانی دووپات كردەوە كە بەرپرسانی هەرسێ وڵاتەكە نیگەرانن لە هەڵسوكەوتەكانی دەسەڵاتدارانی ئێران.
وەزیری بەرگریی ئەمریكا ئەوەشی گوت كە یەك شتی زۆر ڕوون هەیە، ئەویش ئەوەیە هیچ متمانەیەك بە ئێران لە ئارادا نیە، بەڵگەشیان لەسەر دەستێوەردانەكانی ئێران بۆ تێكدانی ئاسایشی ناوچەكە هەیە.
هەروەها سەرباری ئاماژەدان بە رۆڵی ئێران لە ناكۆكی و كێشەكانی ئەفغانستان و یارمەتیدانی ڕژێمی ئەسەد لە مانەوە لەسەر دەسەڵات و كۆمەڵكوژی گەلانی سووریا، گوتیشی كە ئێران دەستێوەردان لە هەڵبژاردنەكان داهاتووی عێراق دەكات.
گوتیشی ئێران لە ڕێگەی پارەوە یارمەتی كاندیدەكانی سەر بەخۆیان دەدات بۆ ئەوەی كاریگەری بكەنە سەر دەنگدەران و سەركەون. داواشی كرد ئێران واز لە دەستێوەردان لە كاروباری عێراق بێنێت و لێگەڕێ هاووڵاتیانی عێراق كاندیدی خۆیان هەڵبژێرن.
بڕیارە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق لە مانگی ئایاری داهاتوودا ئەنجام بدرێت.
bas news-
