وردەکاریی کوژرانی فەرماندەیەکی سەر بە عەبادی ئاشکرا دەبێت
پەرلەمانتارێک وردەکاریی کوژرانی فەرماندەیەکی باڵای سەر بە سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئاشکرا دەکات.
شەعلان کەریم، نوێنەری پارێزگای سەڵاحەدین لە پەرلەمانی عێراق بە کەناڵی (ئەلحوڕە)ی راگەیاندووە، رۆژی سێشەممە 13/3/2018 عەمید شەریف ئیسماعیل مورشیدی، فەرماندەی لیوای 57ـی پاراستنی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بازگە و خاڵی پشکنینی (ئەلحوێش) لەباکووری سامەڕا، کوژرا.
شەعلان کەریم هەروەها رایگەیاندووە، کە بە گەیشتنی عەمید شەریف ئیسماعیل مورشیدی بە بازگەکە، دەمەقاڵێ لەنێوان چەکدارانی میلیشیای سەرایا سەلام و ئەو فەرماندەیە دروست بووە و بووەتە هۆی بەکارهێنانی چەک و کوژرانی مورشیدی.
ئەو پەرلەمانتارە جەختی لەوە کردووەتەوە، کە عەمید شەریف ئیسماعیل مورشیدی لە ریگا بووە بۆ مووسڵ، بە مەبەستی ئامادکاریی بۆ سەردانی عەبادی بۆ ئەو شارە، بەڵام لە خازگەی ئەلحوێش چەکدارەکانی سەرایا سەلام ”لە خۆیان دەرچوون“ رووبەڕووی ئەو فەرماندەیە بوونەوە و کوشتیان.
سەرایا سەلام یەکێکە لە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی. هەرچەندە بەپێی یاسا و فەرمانی حەیدەر عەبادی، هەموو میلیشیاکان فەرمان لە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق وەردەگرن، بەڵام سەرایا سەلام راستەوخۆ فەرمان لە موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، وەردەگرێت.
زیاتر لە سێ ساڵە ئاسایشی شارۆچکەی سامەڕا بە میلیشیای سەرایا سەلامی شیعەمەزهەب سپێردراوە، لەکاتێکدا دانیشتووانی ئەو شارۆچکەیە سوننەمەزهەبن و شەعلان کەرریمیش باسی لەوە کردووە، کە ئەو میلیشیایە ”هیچ هەماهەنگییەک لەگەڵ هێزە فەرمییەکان ناکەن“.
bas news-
