بەرپرسێکی دەست لەکار کێشاوەی یەکێتی: دەبووایە یەکێتی قەبوڵی نەکات
بەرپرسێکی پێشووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاشکرای دەکات، سوپای عێراق ڕێگربووە لە دانانی پەیکەری مام جەلال لەشاری کەرکووک، لە کاتێکدا دەبووایە یەکێتی ئەوە قەبوڵ نەکات. دەشڵێت ”سەرچاوەی شکاندنی شکۆی کورد بۆ کارەساتی ١٦ی ئۆکتۆبەر دەگەڕێتەوە“.
حەسەن بارام، جێگری پێشووی بەرپرسی مەڵبەندی حەمرینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کە دوای دەست لەکار کێشانەوەی بەهۆی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر، چووە پاڵ هاوپەیمانێتییەکەی بەرهەم ساڵح، ڕاگەیاند: ”کارەساتی ١٦ی ئۆکتۆبەر تەنھا پڕۆسەیەکی سەربازی نەبووە، بەڵکو لە پەنای ئەو پڕۆسە سەربازییەی کە کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکانی لەسەر داگیرکراوە، کۆمەڵێک بەرژەوەندیی ئابووری و نەتەوەیی لە پشتەوە بووە، بێگومان یەکێک لە دەرەنجامەکانی کارەساتی ١٦ی ئۆکتۆبەر خۆی لە شکاندی پیرۆزییەکانی میللەتی کورد دەبینێتەوە، چونکە ھێنانەخوارەوی ئاڵای کوردستان، یان شکاندی پەیکەری ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، ئەمە بۆخۆی شکاندنی شکۆی میللەتی کوردە.
جێگری پێشووی بەرپرسی مەڵبەندی حەمرینی یەکێتی، ئەوەشی خستە روو، کە ھەرچەندە مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتیی لەسەر لابردنی پەیکەری مام جەلال، ڕوونکردنەوەی بڵاوکردوەتەوە، کە گوایە پەیکەرەکە لەلایەن کەسێکی خۆبەخشەوە دروستکراوە و شوێنەکەی گونجاو نەبووە، بۆیە لابراوە، بەڵام ”بەپێی ھەندێک بەڵگەی ڤیدیۆیی، دەزگا ئەمنییەکان و ھێزە عێراقییەکان ڕێگربوون لە دانانی پەیکەرەکەی مام جەلال، بەڵام ئەمە یەکەم ھەنگاوی ھێزە عێراقییەکان نییە بەرامبەر بە سووکایەتیکردن بە ڕەمز و پیرۆزییەکانی گەلی کورد و شکاندندنی شکۆی میللەتی کورد“.
جەختی لەوەش کردەوە، کە ئێستا شتێک نەماوە بەناوی دەسەڵاتی کوردی لەو ناوچانەی کە بەھۆی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە داگیرکراون، ھەروەھا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ناتوانێت ڕێگری لە ھەنگاوە شۆڤێنییەکانی حکوومەتی عێراقی بکات، دەشڵێت: ”یەکێتی ھیچ ھەڵوێستێکی بەرامبەر ئەو کارانە نەبووە، بەتایبەتی سووکایەتیی کردن لەبەرامبەر ھاووڵاتییانی ئەو دەڤەرە، دەبوایە یەکێتیی قبوڵی نەکردایە لە کەرکووک ڕێگری لە پەیکەری مام جەلال بکرێت، بۆیە شکاندی شکۆی ھەر ڕەمزێکی ئێمە سووکایەتیکردنە بە ھەر تاکێکی کۆمەڵگەی کوردی“.
حەسەن بارام، جێگری بەرپرسی پێشووی مەڵبەندی یەکێتی لە حەمرین، گوتیشی: ”ھیچ حزبێکی کوردی ئەوانەشی کە دەستیان ھەبووە لە کارەساتی ١٦ی ئۆکتۆبەر نەیان توانیوە ڕێگری لە ڕەفتارە نەشازەکانی حکوومەتی عێراقی بگرن، کە ڕۆژانە ھاوڵاتیانی کوردی بێ تاوان دەکوژن، بۆیە ڕێگریکردن لە پەیکەری مام جەلال، یان سووکایەتی بە ڕەمز و پیرۆزییەکانی کورد، بەڕێژەیەکی زۆر ئۆباڵی دەکەوێتە ئەسۆتی یەکێتی، چونکە ئەوان لە کەرکووک دسەڵاتدار بوون و ھەر ئەوانیش ڕووبەڕوو دەتوانن گفتوگۆ لەگەڵ حکوومەتی عێراقدا بکەن“.
ئاماژەی بەوەشدا، کە سەرچاوەی ھەموو ئەو سووکایەتی، نەھامەتی و شکۆشکاندنە بۆ کارەساتی ١٦ی ئۆکتۆبەر دەگەڕێتەوە، چونکە ئەگەر ١٦ی ئۆکتۆبەر نەبوایە کورد لە کەرکووک خاوەنی دەسەڵات بووە، بۆیە ھەموو ئەو کارەساتانەی لەدوای ١٦ی ئۆکتۆبەر ڕوویان داوە، دەرەنجامەکەی بۆ کارەساتی ١٦ی ئۆکتۆبەر دەگەڕێتەوە.
لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو، میلیشیکانی حەشدی شەعبی و هێزەکانی دیکەی عێراق و وڵاتانی ئیقلیمی، بە یارمەتیی گرووپی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر، شاری کەرکووک، خانەقینی و خورماتوویان داگیرکرد، بەم ھۆیەشەوە سەدان ھەزار کەس ئاوارە بوون.
bas news-
