مەلا بەختیار و ئاسۆ مامەند زانیاریی جیاواز لەسەر لادانی پەیکەرەکەی تاڵەبانی دەدەن
مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ئاسۆ مامەند، بەرپرسی مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتی، زانیاریی جیاواز لەبارەی لادانی پەیکەرەکەی سکرتێری گشتیی کۆچکردووی حزبەکەیان لە کەرکووک دەدەن.
بەپێی ڕاگەیاندراوێکی نووسینگەکەی ئاسۆ مامەند کە زۆرتر پاساوهێنانەوەیە بۆ هێزە عێراقییەکان، ئەو پەیکەرەی جەلال تاڵەبانی کە ڕۆژی چوارشەممە 14/3/2018 لەسەر قەڵای کەرکووک دانرا و دواتر دژە تیرۆری عێراق لایبرد، هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە قەڵای کەرکووک جێیەکی (شوێنەوار)ییە ونە دەبێ خاک و خۆڵەکەی ھەڵکەندرێ، نە دەبێ شتی دیکەی بۆ زیاد بکرێ و لێی دەربھێنرێ. باسی ئەوەشی کردووە کە مام جەلال پێویستی بە پەیکەر نییە و ”بۆ ئەوە نەژیاوە پەیکەری بۆ بکرێ“.
لە بەرامبەر ئەو قسانەی ئاسۆ مامەند، مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە پرێس کۆنفرانسێکدا ئاشکرای کرد، لادانی پەیکەرەکە پەیوەندی بەو دۆخە نەخوازراوەی ناو کەرکووک و ”ئیدارە نائەمنییەکەی و ئەو پشێوییەوە هەیە کە لە شارەکەدا هەیە و ڕۆژانە خەڵک دەکوژرێ و دەڕفێندرێن“.
مەلا بەختیار بەپێچەوانەی ئاسۆ مامەندەوە پێیوایە کە دەبێ مام جەلال پەیکەری بۆ بکرێت و دەڵێت: ”پەیکەری مام جەلال وەکوو ڕەمزێکی گەورەی ئێمە، دەبێ لە شوێنێک بێت کە هیچ کەسێک جورئەت نەکات کارێکی ناپەسەند بکات“.
bas news-
