لە فەرەنسا لەسەر دۆزی کورد دادگاییکردنی تورکیا دەستی پێکرد

 لە فەرەنسا لەسەر دۆزی کورد دادگاییکردنی تورکیا دەستی پێکرد
لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، دادگای هەمیشەیی خەڵک، بەهۆی ئەو تاوانانەی تورکیا بەرامبەر نەتەوەی کورد ئەنجامی داون، یەکەم دانیشتنی خۆی بۆ دادگاییکردنی بەرپرسانی تورکیا دەست پێکرد.

بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکانی نزیک لە پەکەکە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە2018/3/15 لە شاری پاریسی پایەتەختی فەرەنسا، دادگای هەمیشەیی خەڵك (Permanent Peoples Tribunal)، یەکەم دانیشتنی خۆی لەسەر توركیا و كورد بەڕێوە برد.

لە دانیشتنەکەدا کە بڕیارە ئەمڕۆ و سبەیش بەردەوام بێت، وێرای دەستەی حاکمان، دۆزگەران و پاێزەرانی دادگا، دەیان کەسایەتی لە یاساناس، لێکۆڵەر، مافناس، نوێنەرانی پارت و لایەنی سیاسی و مەدەنیی کورد و جیهانی بەشدارن تێیدا.

دادگای هەمیشەیی خەڵك (Permanent Peoples Tribunal)، دەزگایەكی یاسایی و مافی مرۆڤی نێونەتەوەیی ناحكوومییە و بەگوێرەی یاساکانی نێودوڵەتی بڕیار لە سەر کەیس و سکاڵاکان لە دادگایەکی بێلایەندا دەدات.

دادگاکە، ساڵی ١٩٧٩ کرستیانی سەدەی ڕابردوو دامەزراوە و تا ئێستا دانیشتنی بۆ 44 كەیس و سکاڵا كردووە. دانیشتنی ئەمجارەشی تایبەتە بە دوو مژاری سەرەکی بۆ دادگاییکردنی تورکیا کە بریتین لە:

یەکەم ـ تاوانەکانی جەنگ کە لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە دژی كورد، بەتایبەت لە ناوچەكانی (جزیرە، سوری ئامەد و شیرناخ) لە نێوان ساڵی (2015تا 2017)دا، ئەنجام دراون.

دووەم ـ تیرۆرکردن و كوشتنی نوێنەران چالاکانی كوردە لە دەرەوە و ناوەوەی توركیا.

دانیشتنی ئەمڕۆی دادگاکە لە پاریس، لەسەر پێشنیازی چەندین دامەزراوەی بەناوبانگی مافی مرۆڤی جیهان و ئینستیتۆی كورد لە برۆكسل و بە پشتیوانیی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) و چەندین یاساناسی کورد و بیانی بەڕێوە دەبرێت.

بەگوێرەی قسەی بەرپرسانی دادگاکە، ئەنجامی دانیشتنەكە لە پاش دوو مانگی دیکە لە پەرلەمانی ئەورووپا ڕادەگەیەنرێت.












باسنيوز
Top