بەرپرسێکی پارتی: لە ناحیەی جەبارە یەکێتی بەبێ چەک پاسەوانی لە بارەگاکانیان دەکەن

 بەرپرسێکی پارتی: لە ناحیەی جەبارە یەکێتی بەبێ چەک پاسەوانی لە بارەگاکانیان دەکەن
بەرپرسی ناوچەی پارتی لە قەرەتەپە ئاشکرای کرد، تا ئیستا ئاسایشی یەکێتی لە قەرەتەپە بوونی نییە، هەروەها بارەگاکانی یەکێتش لە ناحیەی جەبارە پاسەوانەکانیان بە بێ چەک پاسەوانی دەکەن.

کەمال ئیبراهیم، بەرپرسی ناوچەی پارتی لە قەرەتەپە ڕايگەیاند: ”لەو ڕۆژەوە کە حەشدی شەعبی هاتووەتە سنوورەکە دۆخی ئەمنی نائارامە و کوردەکان لەبەر پاراستنی سەلامەتی ژیانیان ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێهێشتووە“.

ئەو بەرپرسەی پارتی ئاشکراشی کرد: ”تا ئەم ساتە ئاسایشی یەکێتی لە ناحیەی قەرەتەپەدا نییە، هەروەها بە پێی زانیارییەکانمان بارەگاکانی یەکێتیش کە لە ناحیەی جەبارەی سەربە قەزای خانەقین پاسەوانەکانیان بە بێ چەک پاسەوانی دەکەن“.

ئەوەشی خستەڕوو، چەند گوندێکی سنووری ناحیەی قەرەتەپە کە بریتین لە (قەرەیاتاخ و سن سافە) خەڵکی گوندەکان خۆیان پاسەوانی گوندەکانیان دەکەن.

لەبارەی زیادبوونی چالاکییەکانی داعش لە سنوورەکەدا گوتیشی: ”ئێستاش چالاکی داعش لەسنوورەکەدا زیادی کردووە هەروەها پێش ماوەیەکیش ئەو کۆمپانیایەی بۆ چاککردنی ڕێگاوبان لە نزیک گوندی (نارین)ی سەربە ناحیەی قەرەتەپەیە لەلایەن داعشەوە ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە کابیسەیان هەڵگرتبوو (ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر) تەقاندووەتەوە“.









باسنيوز
Top