کادیرانی یەکێتی بەهۆی هەڵوێستی حزبەکەیان بەرامبەر دۆخی کەرکووک دەست لەکار دەکێشنەوە
لەمبارەیەوە، دیلان سەڵاح فازڵ، لێپرسراوی لقی ئامادەییەکانی کەرکووکی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان و کادیری پێشکەوتووی یەکێتی لە کەرکووک، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ئێستا بەڕێگاوەین بەرەو بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە کەرکووک و نامەی دەستلەکار کێشانەوەمان لە یەکێتی ئاراستەی مەکتەبی سیاسیی دەکەین، بە ھۆی ئەوەی ئێستا شکۆی کورد لە کەرکووک شکاوە، چونکە ھێزە ئەمنییەکانی ئێستا لە کەرکووک سووکایەتی بە کورد دەکەن و ھەر دوێنێ دوای دانانی پەیکەرێکی مام جەلال لەسەر قەڵای کەرکووک، بەڵام دوای کەمێک لای دەدەن".
جەختیشی لەوە کردەوە، لادانی پەیکەرەکەی مام جەلال ”لای ھیچ کادێرێکی یەکێتی قەبوڵکراو نییە، بۆیە ئێمەش ھەڵوێستمان ئەوەیە کە لە بەرامبەر بێدەنگییەکان، دەست لە کار بکێشینەوە“.
دیلان سەڵاح دووپاتی کردەوە: ”ئەگەر سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی یەکێتی دۆخی ئێستای شارەکەی پێ قبوڵ بێت، ئێمە پێمان قبوڵ نییە".
لێپرسراوی لقی ئامادەییەکانی کەرکووکی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، ئەو ھێزانەی کە ئێستا لە کەرکووکن، مەبەستی سەرەکییان تەعریبکردنەوەی شارەکەیە و ”ئێمەش لەو حاڵەتە نا ڕازین".
باسنیوز
