لە ھەولێر دوو ھەڵمەتی چاندنی نەمام بەڕێوە چوو
ئەمڕۆ چوارشەممە 14/3/2018، بە سەرپەرشتیی بەڕێوەبەرایەتیی باخچە و پارکەکان و بەرێوەبەرایەتیی دارستان و پاوانی ھەولێر، ھەروەھا بەئامادەبوونی پارێزگاری ھەولێر لەدرێژەی کار و چالاکییەکانی دەیەمین فێستڤاڵی یادەکانی ئادار و نەورۆز و بەبۆنەی ساڵڕۆژی لەدایکبوونی مستەفا بارزانی، ڕێبەری شۆڕشی ڕزگاریخوازی کوردستان و زیاتر گرنگیدان بە سەوزایی شار، دوو ھەڵمەتی چاندنی نەمام لە ھەولێر بەڕێوە چوون.
ھەڵمەتی یەکەمی نەمامچاندنەکە، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی باخچە و پارکەکان ئامادە کرابوو، کە لە کاتژمێر 10ی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ لە شەقامی گوڵان بەڕێوە چوو.
ھەڵمەتی دووەمی نەمامچاندنەکە، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی دارستان و پاوانی ھەولێر ئامادە کرابوو، کە لە کاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە سەر ڕێگای سەرەکیی ڕێگای شەقڵاوە بەڕێوە چوو.
باسنيوز
