سەعدی پیرە: هیچ کاتێک یەکێتی بە خۆکاندیدکردنەکەی ئاڵا تاڵەبانی ڕازی نابێت

 سەعدی پیرە: هیچ کاتێک یەکێتی بە خۆکاندیدکردنەکەی ئاڵا تاڵەبانی ڕازی نابێت
گوتەبێژیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕای دەگەیەنێت، خۆ کاندیدکردنی ئاڵا تاڵەبانی لەو لیستە عەرەبییەدا ”کارێکی نەگونجاوە“ و پێشتر کارێکی لەم شێوەیە لەنێو یەکێتیدا نەبووە، بۆیە ”یەکێتی بەو کارە ڕازی نەبووە و ڕازیش نابێت“.



سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژ و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانی لەبارەی خۆ کاندیدکردنی ئاڵا تاڵەبانی لە لیستی (ھاوپەیمانیی بەغدادییە) بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”بەپێی بڕیار، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی بەبێ ئاگاداریی سەرکردایەتی ھەنگاو لەو بارەیەوە نانێت، جا ئەگەر بۆ گرووپی کوردیش بێ، یان غەیرە کوردی بێ، ھەر شتی وا نابێت".



گوتەبێژی یەکێتی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "سەرکردایەتیی یەکێتی ئاگاداری بابەتی خۆ کاندیدکردنەکە نییە و لەو بارەشەوە کۆبوونەوە نەکرا، ھەروەھا ئەوە بابەتێکە بەرەو ڕووی کارگێڕەکان و سکرتێری گشتی، یا جێگری سکرتێر دەکرێتەوە".



لەبارەی وەرگرتنی هەڵوێست لە بەرامبەر ئاڵا تاڵەبانی، سەعدی پیرە ئاشکرای کرد، لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتییدا حەتمەن ئەوە باس دەکرێت، بەڵام لە بابەتی مانەوە و نەمانەوەی لەگەڵ یەکێتی، ئەوا دەبێتە ئیشی کۆنگرە، لەگەڵ ئەوەشدا کۆنگرە ئەوی ھەڵبژاردووە و کۆنگرەش دەتوانێ کۆتایی بە ئەندامێتی و مانەوە، یان نەمانەوەی بدات".



لە بارەی بۆچوونی لەسەر خۆکاندیدکردنەکەی ئاڵا تاڵەبانی، سەعدی پیرە بە (باسنیوز)ی گوت: ”ئەوە شتێکی نەگونجاوە، پێشتریش شتی نەگونجاوی وا لە ناو یەکێتی دا نەبووە، بۆیە ئەوە شتێک نییە یەکێتی ڕازی ببێت لەسەری، ھەروەھا نە ڕازی بووە، نە پێشی ڕازی دەبێت، بەڵام ئێستا تۆ داوای ھەڵوێستێکی فەرمی لەمن دەکەی، ھەڵوێستی فەرمی لە ئەنجامی کۆبوونەوەیەک دێت کە بڕیارێکی فەرمی لێ وەربگیرێت، ئەو کۆبوونەوەیەش نەکراوە، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەم بابەتە لەو بابەتانە دەبێ کە باس بکرێت“.



سەعدی پیرە نەیشاردەوە کە ”زۆربەی هەرە زۆری کادیرەکانی یەکێتی“ لە خۆکاندیدکردنەکەی ئاڵا تاڵەبانی ناڕازین، چونکە ”ئاڵا کادیرێکی دیاری یەکێتییە و خوشکەزای مام جەلالە".



لەسەر ئاگاداربوونی بنەماڵەی مام جەلال لەبارەی خۆ کاندیدکردنی ئاڵا تاڵەبانییەوە، سەعدی پیرە بۆ (باسنیوز) گوتی: "ھیچ زانییارییەکم لەو بارەیەوە نییە و دەبێ ماڵی مام جەلال خۆیان لەسەر ئەو بابەتە قسە بکەن، ئەوەی پەیوەندی بە یەکێتییەوە ھەیە، من لە برادەرانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و لە جەنابی کۆسرەت ڕەسوڵیشم پرسی، ئەوان ئاگادار نەبوون".



ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر ئاڵا تاڵەبانی ئاشکرای کردبوو کە بە ئاگاداریی ماڵی جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتیی کۆچکردووی حزبەکەی و سەرکردایەتیی یەکێتی، لە بەغدا خۆی کاندید کردووە.



باسنيوز
Top