کەسوکاری چەکدارانی گرووپە توندڕەوەکان لە رۆژئاوای کوردستان نیشتەجێ دەکرێن
لە بەیاننامەیەکدا بۆ رای گشتی، کە میدیاکانی یەپەگە بڵاویان کردووەتەوە، سەرکردایەتیی یەپەگە لە عەفرین رایگەیاندووە، تورکیا دەستی بە نیشتەجێکردنی کەسوکاری چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە ناوچەکانی شیە و جوندرێس کردووە.
ئەو خەڵکەی لەو ناوچانەی گوندەوارەکانی عەفرین جێگیر کراون، هەروەک یەپەگە رایگەیاندووە، لە ناوچەکانی ئەتیمە، ئەعزاز، ئاوارە سوورییەکان لە تورکیا و تورکمانەکان لە عێراقەوە براونەتە ئەو ناوچانە.
یەپەگە ئەو هەوڵەی سوپای تورکیا بە جینۆسایدکردنی گەلی کوردستان هەژمار دەکات و هۆشدارییش دەداتە ئەو خەڵکەی لەو ناوچانە نیشتەجێ دەکرێن و رایگەیاندووە، ”هەر کەسێک لەو ناوچانە نزیک بیتەوە، دەیکەینە ئامانج“، چونکە ئەوە داگیرکارییە.
لە رۆژی 20/1/2018ـەوە، سوپای ئازادی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و سوپای تورکیا بە بەکارھێنانی ھێزی ئاسمانی، زەمینی و تۆپخانە، لەژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی (چلە زەیتوون)، ھێرشیان کردووەتە سەر شاری عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان.
رۆژی سێشەممە 13/3/2018 سوپای تورکیا رایگەیاند، درەنگانی شەوی دووشەممە هێزەکانی وڵاتەکەی و گرووپە توندڕەوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا گەیشتوونەتە قۆناغی گەمارۆدانی عەفرین.
باسنيوز
