بەریتانیا هەڵوێستی خۆی لەبارەی کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی کوردستان راگەیاند

 بەریتانیا هەڵوێستی خۆی لەبارەی کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی کوردستان راگەیاند
وەزیرێکی حکوومەتی بەریتانیا هەڵوێستی وڵاتەکەی لەبارەی کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان، ئاشکرا دەکات.



ئەلیستەر بێرت، وەزیری کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا لە حکوومەتی بەریتانیا، لە تویتێکدا لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر) رایگەیاندووە، وڵاتەکەی چاوی لە پێشکەوتنی زیاتری پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدایە.



ئەلیستەر بێرت هەروەها رایگەیاندووە، بڕیاری کردنەوەی فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی هەولێر و سلێمانی ”هەنگاوێکی ئەرێنییە“ لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق و بەریتانیا پێشوازیی لێ دەکات.



ئەو هەڵوێستەی بەریتانیا دوای هەڵوێستی ئیمانوێڵ ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فەرەنسا دێت، کە رایگەیاندبوو، فەرەنسا هاوکاریی هەولێر و بەغدا دەکات ”بۆ بەهێزکرنی دیالۆگی نیشتمانی“.



رۆژی سێشەممە 13/3/2018، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاری کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستانی بە رووی گەشتە نێودەوڵەتییەکان. دا و رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە 15/3/2018 هەردوو فڕۆکەخانەکە دەکرێنەوە و تێیاندا دەست بە گەشتە نێودەوڵەتییەکان دەکرێتەوە.



هەر لە سێشەممە رۆژنامەی حەیاتی لەندەنی بڵاوی کردەوە، کە ئەو ئەفسەرانەی پێشتر سەرپەرشتیی ئاسایشی هەردوو فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستانیان دەکرد، راژەکانیان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە گواستراوەتەوە وەزارەتی ناوخۆی عێراق.



دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە 25ـی ئەیلوولی 2017، کە تێیدا زیاتر لە %92ـی دەنگدەران دەنگیان بە سەربەخۆیی کوردستان و جیابوونەوە لە عێراق دا، حکوومەتی عێراق چەندین سزا و گەمارۆی بەسەر گەلی کوردستاندا سەپاند، لەوانە؛ داخستنی فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی ھەولێر و سلێمانی و بڕینی بەشەبودجەی ھەرێمی کوردستان بە تەواوی.



باسنیوز
Top