پەرلەمانتارێک: فوئاد مەعسوم موزایەدەی سیاسی دەکات
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند فوئاد مەعسوم سەركۆماری عێراق دەزانێ جارێکی دیکە نابێتەوە بە سەرکۆمار، بۆیە بەناوی واژۆ نەکردنی پرۆژە یاسای بودجەوە، موزایەدەی سیاسی دەکات.
ئیسلام حوسێن ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی ڕاگەیاند "نازانم ئێستە بە دیاریکراوی ۱٥ ڕۆژ بەسەر ناردنی پرۆژە یاسای بودجە بۆ سەرکۆمار تێپەڕیوە یان نا، بەڵام سەرکۆمار باش دەزانێ کە خەڵکی کوردستان و فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئاستی كاركردنی ئەو ناڕازین".
پەرلەمانتارەکەی پارتی گوتی "سەرکۆمار دەڵێ سەرۆکی هەموو عێراقم و پارێزەری دەستوورم، ئەی هەرێمی کوردستان تا ئێستە بەشێک نیە لە عێراق؟ کاتێک پارێزەری دەستوور بێت، پێویستە لەسەر ئەو مادانەی لە پڕۆژە یاسای بودجەیەدایە و مافی هەرێمی کوردستانی تێدا پێشێل کراوە، قسەی هەبێ و ڕێی لێ بگرێ".
بە بۆچوونی ئیسلام حوسێن، فوئاد مەعسوم دەزانێ جارێکی دیکە نابێتەوە بە سەرکۆمار، بۆیە ئەو موزایەداتانە دەکات، تا بۆ حزبەکەی بژمێردرێ و ببێتە بابەتی ڕاگەیاندنەکان و بڵێن سەرکۆمار نەیهێشت و ئیمزای لەسەر بودجە نەکرد.
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد "پاش تێپەڕینی ۱۰ ڕۆژ زیاتر بەسەر بابەتی بودجەدا، ئێستە دەڵێ من ئیمزای لەسەر ناکەم، بۆیە بە بۆچوونی من ئەوەش جۆرێکە لە موزایەدەی سیاسی و هیچی دیکە نیە".
bas news-
