تورکیا چالاکوانێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی ڕەوانەی باشوور کردەوە
کەژاڵ نەقشبەندی، ژنە چالاکوانی سیاسی و ئەندامی حدکا و دانیشتووی ئەڵمانیا، لەمبارەوە ڕايگەیاند: "هەفتەی ڕابردوو و لە کاتی گەڕانەوەم بۆ ئەڵمانیا لە بازگەی شاری "سلۆپی"ی سەر بە پارێزگای شێرناخی باکووری کوردستان، هێزە ئەمنییەکانی تورکیا، پێشیان پێگرتم و لە پاس دایان بەزاندم و پاش چەند کاتژمێر لێپرسینەوە، بە بیانووی بوونی وێنەی تایبەت بە کوردستان و پشتگیری لە عەفرین، گەڕاندمیانەوە بۆ هەولێر".
ئەو چالاکوانە سیاسییە ئاماژەی بەوەش کرد: "من لە کاتی سەفەردا فەیسبووکم دادەخەم، بەڵام بە زۆر پێیان کردمەوە و پاش بینینی وێنەکان، زۆر بە تووڕەییەوە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ کردم و وتیان بۆت نییە لە تورکیاوە سەفەر بکەیت، چونکە پشتیوانیت لە عەفرین و گرووپە (تیرۆریستییەکان) کردووە و دوای ئەوە بە فەرمی نامەیەکیان پێ دام کە ئیزنی سەفەرم لە تورکیاوە نییە".
کەژاڵ نەقشبەندی، ئاماژەی بەوەش کرد: "سەرەنجام بە هەوڵی باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا و حدکا و چەند کوردێکی ابشووری کوردستان، ڕێگەیان دا دیسان بگەڕێمەوە بۆ باشووری کوردستان و ئێستاش چاوەڕێی کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی دەکەم".
لە ماوەی نزیک بە دوو مانگی ڕابردوو و هاوکات لەگەڵ دەسپێکی هێرشی تورکیا بۆ سەر شاری عەفرین لە ڕۆژئاوای کوردستان، هێزە ئەمنییەکانی تورکیا، ڕێوشوێنی توند بەرانبەر بە هاووڵاتیانی باشوور دەگرنە بەر و لە کاتی سەفەر بۆ ئەو وڵاتە ناو مۆبایل و لاپتۆپ و کەلوپەلە کەسییەکان دەپشکنن و بە بیانووی بوونی وێنە و ئاڵای کوردستان، گرفت و بەربەست بۆ هاووڵاتیانی کورد ساز دەکەن.
باسنيوز
