سلێمانی.. ڕوونکردنەوە لەبارەی خۆکوشتنی کەسێکی 50 ساڵەوە دەدرێت
ئەمڕۆ سێشەممە 13/3/2018، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی لە ڕاگەیاندراوێکی فەرمیدا، ئاشکرای کرد کە ھاووڵاتییەکی تەمەن 50 ساڵ، لەنێو خانەی نەجەوانانی سلێمانی، کۆتایی بە ژیانی خۆی ھێناوە.
ھەر لەمبارەیەوە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی سلێمانی ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردووەتەوە، تێیدا باس لەوە کراوە، کە بۆ بەرچاوڕوونی ھەموو لایەک سەبارەت بە ڕووداوێک کە ئەمڕۆ سێشەممە، لە کۆمەڵگەی چاودێریی کۆمەڵایەتیی سلێمانی ڕووی دا، بەڕێوەبەرایەتییەکە ئەم ڕوونکردنەوەانەی خستووەتە ڕوو:
1ـ سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 13/3/2018، ھاووڵاتییەک بەناوی (ڕ، ڕ، م) تەمەن 50 ساڵ، لە گۆڕەپانی باخچەی کۆمەڵگەی چاودێریی کۆمەڵایەتیی سلێمانی کۆتایی بە ژیانی خۆی ھێنا.
2ـ ئەو کەسە باوکی پێنج منداڵە و بەھۆی کێشەیەکی خێزانییەوە زیاتر لە ساڵێکە منداڵەکانی لە ماڵەکانی (کوڕان، کچان و ساوایان) لە بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی کۆمەڵایەتیی سلێمانی چاودێری کراون و حەوێنراونەتەوە.
3ـ بەپێی گوتەی بەرپرس و کارمەندانمان لە بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی کۆمەڵایەتیی سلێمانی، ئەو کەسە ئەم بەیانییە سەردانی کۆمەڵگەی چاودێریی کۆمەڵایەتیی سلێمانی کردووە و داوای بینینی منداڵەکانی کردووە، پاش بینینی منداڵەکانی، لە کاتژمێر ھەشت و 56 خولەک، دەقیقە کۆتایی بە ژیانی خۆی ھێناوە.
4ـ دەستبەجێ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ڕووداوەکە ئاگادار کرانەوە و ڕێکاری پێویست بۆ ڕووداوەکە گیراوەتە بەر.
باسنيوز
