عێراق و تورکیا لەسەر ھێرشکردنە سەر قەندیل رێک کەوتوون
لە چەند رۆژی رابردوودا، مەولوود چاوش ئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە رێگەی CNN تورکەوە رای گەیاند، ئۆپەراسیۆنی (چڵە زەیتوون)، لە مانگی ئایاری داھاتوو کۆتایی دێت و دوای ئەویش لەگەڵ عێراق، لە دژی چەکدارانی پەکەکە، دەست بە ئۆپەراسیۆنێکی ھاوبەش دەکەن”.
ئەو لێدوانەی وەزیری دەرەوەی تورکیا، دوای چەند رۆژێک لە سەردانی خلوسی ئاکار، سوپاسالاری تورکیا ھات بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ ھەر یەک لە عیرفان حەیالی، وەزیری بەرگری و فەریق روکن عوسمان غانمی، سوپاسالاری عێراق.
لەمبارەوە سەرچاوە رۆژنامەوانییەکان ئاشکرایان کردووە، کە حەیدەر عەبادی، رەزامەندیی نیشان داوە تورکیا ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژ بە PKK لە قەندیل ئەنجام بدات.
لای خۆشیانەوە، جاسم محەمەد جەعفەر، پەرلەمانتاری عێراقی نزیک لە عەبادی بە رۆژنامەی (عەرەبی جەدید)ی راگەیاندووە، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە روانگەی بەرگریکردن لە خۆی، رێی داوە بە تورکیا کە خاکی عێراق بۆ لێدان لە پەکەکە بەکار بھێنێت.
گوتووشیەتی: "حکوومەتی عێراق لەگەڵ تورکیا کۆکە لە بەرەنگاربوونەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان لە باکووری عێراق، بۆ ئەم مەبەستەش رێی داوە تورکیا بێتە ناو خاکی عێراق بۆ لێدان لە پەکەکە".
ھاوکات، ئەسکەندەر وتووت، ئەندامی لێژنەی بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، بە سایتی (غەد پرێس)یی راگەیاندووە: “بەنھێنی عێراق و تورکیا لەسەر ئۆپەراسیۆنی قەندیل ڕێک کەوتوون”.
ئاشکراشی کردووە، بۆ ئەوەی تورکیا پشکی عێراق لە ئاوی رووبارەکانی دیجلە و فورات بەتەواوەتی دابین بکات، درک بە گرنگیی ئەو ھاوئاھەنگییە و ھاتنی ھێزەکانی تورکیا بۆ ناوچە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستان کراوە.
خەلیل ئیبراھیم دکتۆرا لە جوگرافیا و مامۆستای زانکۆی سەڵاحەدین بۆ (باس) رای گەیاند، ساڵانێکی زۆرە تورکیا ئاوی دیجلە و فورات وەکوو کارتی سیاسی لەسەر سووریا و عێراق بەکار دەھێنێ، گوتی: ”کێشەکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی پێش پەنجاکان، کاتێک لەو کاتەوە تورکیا دەستی کرد بە دامەزراندنی چەندین پڕۆژەی گەورەی گلدانەوەی ئاو لەسەر ئەو دوو ڕووبارە کە درێژ دەبنەوە بۆ ناو خاکی سووریا و عێراق، لەو کاتەشەوە وەکوو کارتی فشاری سیاسی لەسەریان بەکاریھێناوە”.
ئەو پسپۆرە جوگرافیە، ئاماژەی بەوەش دا، لە ساڵی ٢٠١١ فشاری لەڕێگەی ئاوەوە دەکردە سەر سووریا بۆ دەرکردنی عەبدوڵا ئۆجەلان ئەوە بوو لە سووریا دەرکرا، گوتی: ”پێوەند بە عێراق، ئێستا تورکیا لە ناو خاکەکەی پڕۆژەیەکی گەورەی بەنداوی ئاوی لەبەردەستدایە، کە وا بڕیارە لە مانگی شەشی ئەمساڵ دەست بە پڕکردنی بکات، ئەو پڕۆژەیە راستەوخۆ کاریگەریی گەورەی لەسەر عێراق دەبێت، ئەگەر بێت و ھەموو ئاوەکە بکاتە ئەو بەنداوەوە و بەشی عێراق بەرنەداتەوە ئەوە رووباری دیجلە و فورات لە ناوخۆی عێراقدا تووشی کارەساتی گەورە دەبن، لەبەرئەوە بێگومان عێراق ناچارە بچێتە ژێر داوا و ئەو فشارانەی کە تورکیا لێی دەکات”.
جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە تورکیا ئاسایشی ئاو وەکوو کارتی فشار لەبەرامبەر بە عێراق بەکار دەھێنێت و دوور نییە بیخاتە ژێر ئەو داوا سیاسییانەی کە ھەیەتی.
بورھان رەئوف، چاودێری سیاسی بۆ (باس) رای گەیاند، ھەڕەشەکانی تورکیا بۆ سەر قەندیل جدیین و کاربەدەستانی تورکیا بەئاشکرا و بێ پێچ و پەنا ڕایان گەیاندووە ئەگەر بۆیان بکرێت یەک چرکەش ناوەستن، گوتیشی: "ھاوئاھەنگیی عێراق و وڵاتانی دیکەی ئیقلیمییش بۆ تورکیا پشت بە پێشڤەچوونەکانی داھاتوو دەبەستێت، ئەگەر لە بەرژەوەندییاندا بێت ئەوە ئەوانیش لەگەڵی ئەو ھێرش و ئۆپەراسیۆنانە جێبەجێ دەکەن".
لای خۆشیانەوە، محەمەدئەمین پێنجوێنی، چاودێری سیاسیی نزیک لە پەکەکە بۆ (باس) رای گەیاند، ڕێککەوتنی نھێنی لەنێوان تورکیا و عێراق و ئێران و سووریادا ھەیە، کە ھاوکاری و ھاوئاھەنگیی یەکتری بکەن بۆ لەناوبردنی نەیارەکانی یەکتری و ھەر کیانێک کە مۆرکی کوردستانیی پێوە بێت، گوتیشی: ”ئەگەر لە عەفرین سەرکەون، ئەوە ھێرشی کۆتاییان چوارقۆڵی یان سێ قۆڵی دەبێت بۆ سەر قەندیل و پەکەکە و کۆمەڵە و دیموکرات و ئەوانیش لێی بەدەر نابن”.
بەڵام حەسەن جیھاد، چاودێری سیاسی و پەرلەمانتاری پێشووی کورد لە لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق بۆ (باس) رای گەیاند، عێراق ڕێگە بە تورکیا نادات ئەو ئۆپەراسیۆنەی ئەنجام بدات، گوتی: “ئاو قانوونی نێودەوڵەتی ھەیە و تورکیا ناتوانێت لە ڕێژەی دیاریکراو کەمتر بەربداتەوە، تاوەکوو بەوە تورکیا فشار لە عێراق بکات رازی بێت بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن بۆ سەر قەندیل”.
ئاماژەی بەوەش دا، ئەگەر ڕەزامەندیی ئاشکرا بدات بە تورکیا و خۆشی ھاوکاری بێت ئەوە رووبەڕووی رەخنەی توندی نێودەوڵەتی دەبێتەوە، گوتی: ”عێراق دەیەوێ وا نیشانی دونیا بدات کە وڵاتێکە جدییە لەسەر پاراستنی سەروەریی خۆی، رێگەدان بە تورکیا بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن پێچەوانەی ئەوە دەبێت، لەبەرئەوە تورکیا دەمێکە دەیەوێ ھێرش بکاتە سەر قەندیل، ھەر لە ھەشتاکانەوە ئەو ھەوڵەی داوە، بەڵام نەیتوانیوە ئۆپەراسیۆنی زەمینی ئەنجام بدات”.
باسنیوز
