کێشەی موڵکەکان لە (گۆڕان)دا سەر ھەڵدەداتەوە

 کێشەی موڵکەکان لە (گۆڕان)دا سەر ھەڵدەداتەوە
کێشەی موڵکداری و تاپۆکردنی ھەموو موڵکەکانی بزووتنەوەی گۆڕان، لەپێش کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا لەسەر کوڕەکانی، کە ئەوکات نیگەرانیی ناوخۆیی بزووتنەوەکەی لێ کەوتەوە، ئێستا بۆ جارێکی دیکە لە بزووتنەوەی گۆڕاندا بەزەقی سەری ھەڵدەداتەوە.



بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەی ئاگەدار لە ناوخۆی بزووتنەوەی گۆڕانەوە ، بۆ جارێکی دیکە پرسی کێشەی موڵکداری لەناو بزووتنەوەی گۆڕاندا سەری ھەڵداوەتەوە و باڵێکی بزووتنەوەکە کە لەلایەن عوسمانی حاجی مەحمود ئاراستە دەکرێن، زۆر پێداگرە لەسەر ئەوەی کە دەبێ موڵکەکانی گۆڕان لەسەر ناوی کوڕەکانی نەوشیروان مستەفاوە بخرێنە سەر جڤاتی گۆڕان، بەڵام ھەندێ لە باڵەکانی دیکە کە نزیکن لە کوڕەکانی نەوشیروان مستەفاوە، ئەوە رەت دەکەنەوە.



بەپێی زانیارییەکان، ئەو باڵەی گۆڕان کە لە دژی ئەوەن بزووتنەوەکەیان ببێتە موڵکی بنەماڵەیەکی دیاریکراو، دەیانەوێ ئەو پرسە بھێننە ناو جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان و لەو دامەزراوەی گۆڕاندا بە ئامادەبوونی رێکخەری گۆڕان و کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا یەکلایی بکەنەوە، بەڵام لەلایەن ھاوڕێکانی نەوشیروان مستەفاوە رەت کراوەتەوە لە جڤاتی نیشتمانیدا باسی ئەو پرسە بکرێت، ھەر ئەوەش بووەتە ھۆی نیگەرانیی زیاتری عوسمانی حاجی مەحمود ھەڵسوڕاوی باڵا و ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان.



سەرچاوەکە ئاشکراشی کرد، بەھۆی تاپۆکردنی تەواوی موڵکەکانی گۆڕان لەسەر ناوی کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا، ئێستا تەواوی میدیای گۆڕان و دامەزراوەکانی لەژێر کۆنتڕۆڵی بنەماڵەی نەوشیروان مستەفادان.



سەرچاوەکە ئەوەشی خستە ڕوو، ھەر لەدوای کۆچی نەوشیروان مستەفاوە، کوڕەکانی پلانی ئەوەیان ھەبووە کەناڵێکی تەلەڤزیۆنیی نوێ دابمەزرێنن کە بەتەواوی لەژێر کۆنتڕۆڵی خۆیاندا بێت و خۆشیان بەڕێوەی ببەن، بەڵام دواتر بڕیاریاند اوە ئەوە بەسەر KNNدا جێبەجێ بکەن، داخستنی KNNش بەشێک بووە لەو پلانە، ئەوەش نیگەرانییەکانی ئەو باڵەی گۆڕانی زیاتر کردووە.



بەپێی ئەو سەرچاوەیە، چەدن رۆژی داھاتوو داھاتوو کەناڵی KNNی گۆڕان دەکرێتەوە، بەڵام کارمەند و ستافە سەرەکییەکانی گۆڕاون و کەسەکانی دانراون نزیکن لە کوڕەکانی نەوشیروان مستەفاوە، دەنگۆی ئەوەش لەناو ھەڵسوڕاوانی گۆڕاندا ھەیە، کە باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی لەمەودوا ھاوکاریی دارایی ئەو کەناڵە بکات.



بەر لە کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، بە نووسراوێکی فەرمی کە کۆپیی نووسراوەکە لە بەردەستی (باس)دایە، کە لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی تۆمارکردنی کۆمپانیاکانی سلێمانی، بە ژمارە (٣١٤٢) کە لە رێککەوتی ٢٢-٦-٢٠١٦ دەرچووە، واژۆی سۆران ئەحمەد ئیسماعیل بەڕێوبەری کۆمپانیاکانی سلێمانیی بەسەرەوەیە، لەسەر داوای بەڕێوبەری رێگەپێدراوی کۆمپانیا (ھاوڕێ دارۆ نووری) لە کۆمپانیای (گاسن بۆ بەرھەمھێنان و بازرگانیی چیمەنتۆ - سنووردار)، بە ئاماژە بە کۆنووسی کۆبوونەوەی دەستەی گشتیی کۆمپانیا و ئەنجومەنی کڕین و فرۆشتن لە ٢٢-٦-٢٠١٦، تیایدا بڕیار دراوە بە:



فرۆشتنی سەرجەم پشکەکانی ھاوپشکی کۆمپانیا (نەوشیروان مستەفا ئەمین) بە بڕی (١٥٠) ھەزار پشک بە ھاوپشکی نوێ (چیا نەوشیروان مستەفا).



ھەر بەپێی کۆنووسی کۆبوونەوەی کۆمپانیای گاسن بۆ وەبەرھێنان و بازرگانیی چیمەنتۆ، کە واژۆی ھاوپشک نەوشیروان مستەفای بەسەرەوەیە، کە لە کۆی (١) یەک ملیۆن پشک، نەوشیروان مستەفا کە خاوەنی (١٥٠) ھەزار پشک بووە لەو کۆمپانیایە، کە پێشتر ھەموو پشکەکان بەناوی کۆمپانیای (وشە)وە بوون و ھەموو پشکەکان بەناویەوە بوون، بە بڕی (١) یەک ملیۆن دیناری عێراقی داوەتە چیای کوڕی و بەناوی ئەویەوە کردووە.



ھەر بەپێی نووسراوێکی دیکە، کە لەلایەن بەڕێوبەرایەتیی کۆمپانیاکانی سلێمانی بە ژمارە (٤٣٦٧) لە رێکەوتی ٢٥-٧-٢٠١٣ دەرچووە، بە بڕیاری کارگێڕیی ژمارە (١٤٦٥) کە تایبەتە بە دامەزراندنی کۆمپانیای (وشە بۆ بەرھەمھێنان و بازرگانیی چیمەنتۆ -سنووردار) ناوی کۆمپانیاکە بۆ (گاسن بۆ بەرھەمھێنان و بازرگانیی چیمەنتۆ - سنووردار) گۆڕاوە، تیایدا ئاماژە بە ئەنجومەنی کڕین و فرۆشتن و کۆنووسی کۆبوونەوەی دەستەی گشتیی کۆمپانیا لە (١٥-٧-٢٠١٣) دراوە کە بڕیار دراوە، بە فرۆشتنی بەشێک لە پشکەکانی (نەوشیروان مستەفا ئەمین) کە بریتییە لە (٨٥٠) ھەزار پشک بۆ کۆمپانیای (Kurd Cem) بەوەش نەوشیروان مستەفا ئەو (١٥٠) ھەزار پشکەی ماوەتەوە کە بەناوی (چیا)ی کوڕیەوە کردووە.



ھاوکات بەپێی ئەو زانیارییانەی لە کەسانی نزیک لە بنەماڵەی نەوشیروان مستەفا بە (باس) دراون، نەوشیروان مستەفا ھەموو موڵکەکانی بە گردی زەرگەتەشەوە کە ١٢٢دۆنم زەوی دەبێت کردووەتە سەر ناوی منداڵەکانی خۆی.



لەمبارەیەوە کاروان ساڵح، پەرلەمانتاری پێشووی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان بۆ (باس) رای گەیاند، پەیامی گۆڕان لەسەرەتاوە ئەوە بوو کە حزبێکە لە دژی بە ویراسەت و بەبنەماڵەکردنی حزبە، بەڵام ئێستا دەبینرێ پەیامەکە خۆی خاوەنیەتی و تەواوی موڵکەکانی ئەو بزووتنەوەیە نەوشیروان مستەفا خۆی کردوویەتی بەناوی کوڕەکانیەوە، گوتیشی: “لەناو گۆڕاندا کۆمەڵێک پرسیار دروست بووە کە ئایا ئەو موڵک و ماڵەی بە ناوی کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا کراون، ھەر موڵک و ماڵی گۆڕانن؟ ئایا دامەزراوە میدیاییەکانی گۆڕان ھەر موڵک و ماڵی بزووتنەوەکەیە؟ ئایا مەترسیی ئەوە نییە ئەو موڵک و ماڵە لە ململانێی ناوخۆیی و شکاندنی باڵەکانی ناو گۆڕان بەکار بھێنرێ؟ ئەوانە پرسیارێکن دەبێ ئەندامانی جڤاتی گشتی و نیشتمانیی گۆڕان وەڵامیان بدەنەوە، بەڵام تا ئێستا ئەوانە نەیانتوانیوە بەجورئەتەوە پەنجە لەسەر ئەو پرسە دابنێن”.



لای خۆشیەوە، جەمال عەبدوڵا، نووسەر و چاودێری سیاسی بۆ (باس) رای گەیاند، پرسی جیابوونەوەی گۆڕان لە یەکێتی ئەوکات، تەنیا پەیوەندیی بە بەش بەشێنەی حزبییەوە ھەبوو، کە پێشتر گۆڕان بەناوی باڵی ڕیفۆرمەوە لەناو یەکێتیدا خۆی ناساندبوو، نەوشیروان مستەفا پێی وابوو لەلایەن بنەماڵەی تاڵەبانییەوە غەدری لێ کراوە و حەقی خۆی پێ نەدراوە، گوتیشی: “دوای جیابوونەوەی گۆڕان، بە ڕێککەوتن موڵکەکان لەنێوان گۆڕان و یەکێتیدا جیا کراونەتەوە و ئێستاش کە بەشی (باڵی ریفۆرم)ی پێشوو و (گۆڕان)ی ئێستا، خراوەتە سەر کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا، خەڵکانێک لەناو گۆڕاندا پێیان وایە غەدریان لێ کراوە، ئەوە ھەمان کێشەی پێشترە بە شێوەی دیکە، کە کەسی دیکەش لە گۆڕاندا خۆی بە خاوەن دەزانێ سەری ھەڵداوەتەوە”.



بەڵام، کوێستان محەمەد، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان، لە پرسیاری ئەوەی کێشەی موڵکداریی گۆڕان گەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە لە جڤاتی نیشتمانیدا یەکلا بکرێتەوە، بۆ (باس) رای گەیاند، ئێستا بزووتنەوەکەی تەنیا سەرقاڵی ھەڵبژادنەکانی پەرلەمانی عێراقە و ھیچ کێشەیەکی دیکەی نییە.


باسنيوز
Top