بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی سلێمانی: ھیوادارین عەبادی بەڵێنەکەی جێبەجێ بکات
تاھیر عەبدوڵا، بەڕێوبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بە (باسنیوز) ڕاگەیاند: "تا ئێستا لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە، بە نووسراوی فەرمی و ئیمەیل و تەلەفۆن ئاگادار نەکراوینەتەوە تاکوو بزانین چ کاتێک گەشتە نێودەوڵەتییەکان بەڕووی گەشتیاراندا دەکرێتەوە، ھەرچەندە حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەڵێنیی ئەوەی داوە پێش نەورۆز فڕۆکەخانەکانی کوردستان بکاتەوە، بەڵام ئێمە ھیوادارین عەبادی ئەو قسەیەی کە بەم دواییە کردوویەتی، جێبەجێ بکات".
بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی سلێمانی ئاماژەی بەوەش دا: "ماوەی ١٤ ساڵە فڕۆکەخانەی سلێمانی کار دەکات، لە ماوەی ئەم چەند مانگەی کە فڕۆکەخانە داخراوە، خەڵکی زۆر پەرۆشی کردنەوەی فڕۆکەخانەن، پێشتر ئەوەندە پەرۆشی فڕۆکەخانەکان نەبون، بۆیە ھیوادارم بە زوویی فڕۆکەخانەکانی کوردستان بکرێنەوە و حەز و ئارەزووی ھاووڵاتیان بێتە دی بۆئ ەوەی لەڕێگەی فڕۆکەخانەکانی کوردستانەوە ھاووڵاتیان بتوانن درێژە بە گەشتەکانی خۆیان بدەن".
ئەمە لە کاتێک دایە ھەفتەی ڕابردوو حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەمیانەی گوتارێکیدا بڕیاری دا کە پێش نەورۆز فڕۆکەخانەکانی کوردستان بکرێنەوە و مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم بنێرێت، بەڵام چاودێرانی سیاسی پێیان وایە بەڵێنەکەی عەبادی ھاوشێوەی بەڵێنەکانی پێشوویەتی کە تا ئێستا ھیچ بەڵێنێکی جێبەجێ نەکردووە.
حکوومەتی فیدڕاڵ بە سەرۆکایەتی (حەیدەر عەبادی) لە دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، چەند سزایەکی لەدژی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان داوە، لەنێویاندا ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەکانی ھەردوو فڕۆکەخانەی ھەولێر و سلێمانی دەبینرێن.بەڕێوبەری فڕۆکەخانەی سلێمانی: ھیوادارین عەبادی بەڵێنی کردنەوەی فڕۆکەخانەکان جێبەجێ بکات.
باسنيوز
