بڕیارێکی دڵخۆشکەر بۆ ٤ ھەزار پۆلیس کە پلە بەرزکردنەوەیان راگیرابوو

 بڕیارێکی دڵخۆشکەر بۆ ٤ ھەزار پۆلیس کە پلە بەرزکردنەوەیان راگیرابوو
بەھۆی کێشەیەکەوە پلە بەرزکردنەوەی زیاتر لە ٤ ھەزار کارمەندی پۆلیس دوا دەکەوێت و وەزارەتی ناوخۆش بۆ ئەو مەبەستە بڕیارێکی دڵخۆشکەر دەردەکات.



بەپێی زانیارییەكان، ئەو کارمەندانەی پۆلیس لە مانگی ٩ی ٢٠١٧ دەورەیان پێ کراوە بۆ پلە بەرزکردنەوە،‌ کە پێویست بوو لە ١ی١ی ٢٠١٨ پلە بەرزکردنەوەکەیان بۆ ئەنجام بدرایە، بەڵام بەپێی زانیارییەکان، بەھۆی دەرچوونی بڕیارێک لە وەزارەتی ناوخۆ، پلە بەرزکردنەوەکانیان راگیراوە.



ئاواز حەمیدە فەندی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان راگەیاند: لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتی لەگەڵ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەت، کێشەی ئەو پۆلیسانە دراوەتە جەنابیان و ئەوانیش لای خۆیانەوە یاداشتیان کرد بۆ بەدواداچوون لەسەری“.



روونیشی کردەوە، ھەوڵ ھەیە کێشەی پلە بەرزکردنەوەی ئەو کەسانە چارەسەر بکرێت.

سامی جەلال، بەڕێوەبەری گشتیی دیوان لە وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان بە (باس)ی راگەیاند، پلە بەرزکردنەوەی ئەو پۆلیسانە تەنیا دوا دەکەوێت و رانەگیراوە، گوتی: ”ئەو کارمەندانەی پۆلیس کە مەشق و راھێنانیان پێ کرابوو و دەورەی تایبەتیان بۆ کرابووەوە کە تایبەت بوو بە بەرزکردنەوەی پلەکانیان، بەھۆی بڕیارێکەوە بەرزکردنەوەی پلەکانیان دواکەوت، کە دەبوایە لە سەرەتای ئەمساڵ پلەکانیان بەرز کرابایەوە“.



گوتیشی: ”بەڵام ئێمە دوای دیراسەکردنی ئەو بڕیارە و پێداچوونەوەی، بڕیارمان دا پێوەری بڕوانامەکانیان مەرج نەبێت بۆ بەرزکردنەوەی پلەکانیان و لە ١ی٧ی ٢٠١٨ پلەکانیان بۆ ببەسترێت“.



لە ساڵی ٢٠١٥ ەوە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی مەدەنی راگرتووە، بەڵام بڕیارەکە فەرمانبەرانی سەربازی ناگرێتەوە.



باسنیوز
Top