عەفرین داوای بەهاناوەچوونی ئەنجوومەنی ئاسایش دەكات
ئەمڕۆ یەكشەممە بەرپرسانی كانتۆنی عەفرین لە گردبوونەوەیەكی جەماوەریدا داوای بەهاناوەچوونی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كرد، بۆ ئەوەی ڕێگری لە توركیا بكەن چیتر هاووڵاتیانی عەفرین كۆمەڵكوژ نەكەن.
ئاژانسی هەواڵی "فورات" بڵاوی كردەوە كە ئەمڕۆ خەڵكێكی زۆری عەفرین لە گۆڕەپانی نەورۆز كۆبوونەتەوە، تیایدا عوسمان شێخ عیسا هاوسەرۆكی كانتۆنی عەفرین بەیاننامەیەكی خوێندووەتەوە.
شێخ عیسا ئاماژەی داوە كە لە ماوەی 51 رۆژی رابردوودا، سوپای توركیا سەدان هاووڵاتی مەدەنی لە عەفرین كوشتووە و بریندار كردووە.
هەروەها ئاماژەی بەوەش داوە كە ئاوی خواردنەوەش لە خەڵكی عەفرین گیراوەتەوە و قوتابخانەكان وێران كراون، دەیان خانووی هاووڵاتیانیش بەهۆی تۆپبارانەوە كاول بووە.
كانتۆنی عەفرین رەخنەی لە رای گشتیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرتووە و رایگەیاندووە كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەهۆی بێدەنگبوونیان بەرانبەر تاوانەكانی توركیا، بەرپرسن لەوەی بەسەر عەفریندا دێت.
bas news-
