"ئەوانەی ده‌ڵێن سەرۆككۆمار دەستەڵاتی نییە، راست نییە.. كوردستانیان نیگەرانن"

سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، ئەو لایەنە سیاسیانەی دەچنە بەغدا و بەردەوام داوای مووچە لە سەرۆكوەزیران دەكەن، تەنیا خۆیان سووك دەكەن و موزایەدەی سیاسییە بۆ هەڵبژاردنەكان. رەخنەی تووندیش لە سەرۆككۆمار دەگرێت بەوەی كە، هەڵوێستی لە بەرانبەر بەرگریكردن لە مافی گەلی كورد زۆر لاوازە، هەر بۆیەیش شەقامی كوردستانی لێی نیگەرانە.

ماوەی چوار ساڵە، سەرۆككۆماری عێراق كە نوێنەری كوردە لە بەغدا و لەسەر حیسابی كورد ئەو پۆستەی وەرگرتووە، سەرەڕای ئەو هەموو زوڵمەی بەغدا لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا لە كوردی كردووە، بە تایبەت لە دوای ڕووداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەر، تاوەكوو ئێستا هیچ رۆڵێكی نەبووە لە چارەكردنی كێشەكاندا، بۆیە شەقامی كوردستانی بە گشتی زۆر لە سەرۆككۆمار نیگەرانە و پێیان وایە نەیتوانیوە ئەركی خۆی جێبەجێ بكات و، كوردیش هیچ خێرێكی لەو پۆستە نەدیتووە.

لەو بارەیەوە، سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق، د. عەرەفات كەرەم، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەوەی هەندێك لایەنی سیاسی لە هەرێمی كوردستان دەیكەن كە بەردەوام داوا لە سەرۆكوەزیران دەكەن مووچە رەوانە بكات، خۆسووككردن و خۆشرینكردنە لای خەڵكی كە گوایە خەمخۆری خەڵكن، بەڵام بیر لەوە ناكەنەوە كە شەراكەت لە عێراقدا نەماوە و كورد هاووڵاتیی پلە دووە، بۆیە ئەوەی هەندێك لایەنی سیاسی دەیكەن، شەرمەزارییە و ئەوه‌تا حكوومەتی خۆمان هەیە پێویستە پشتگیری بكەن".

كەرەم گوتیشی، ئەوانەی دەچنە بەغدا، لەجیاتی پاڕانەوە بۆ مووچە، پێویستە گلەیی لە حكوومەت و سەرۆككۆمار بكەن، كە ناكرێت بەو شێوەیە دژایەتیی كورد بكرێت و هەڵوێستیان بەو جۆرە بێت، بۆیە هەندێك سەركردەی كورد، كوردیان شەرمەزار كردووە و موزایەدەیە بۆ هەڵبژاردنەكان، بۆیە هەر كێشەیەك هەبێت، پێویستە بە گفتوگۆ لە نێوان هەردوو حكوومەتدا چارە بكرێت نەك بەو شێوەیە.

لەبارەی رۆڵی سەرۆككۆمار لە عێراق و چارەكردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕوونی كردەوە: "سەرۆككۆمار نە لە ریفراندۆمدا هەڵوێستی هەبووە و نە لە هیچ پرسێكی دیكەیشدا، هەڵوێستەكانیشی زۆر لاوازن و جارێك لەگەڵی كۆ بووینەوە و پێم گوت هەڵوێستێك وەرگرە با هەموومان بگەڕێینەوە بۆ هەرێمی كوردستان، بەڵام ئەو باسی لەوە كرد كە پەلە نەكەن و، منیش پێم گوت ئەندامانی لیژنەی دارایی لێرەن كە كۆبوونەوەكان هیچ بەرهەمیان نییە و بوودجەیش پەسەند كرا، بەڵام هیچ هەڵوێستێكی نەبوو ".

ئەو هەروەها دەشڵێ: "سەرۆككۆمار وەك نوێنەری خەڵكی كوردستان ئەو پۆستەی وەرگرتووە و لە خۆیەوە نەبووەتە سەرۆككۆمار، چونكە دەبینین سەرۆكوەزیران شیعەیە و چەندە بەرگری لە شیعەكان دەكات و سەرۆكی پەرلەمان بەرگری لە سوننەكان دەكات، بۆیە پێویست بوو ئەویش بەرگری لە كورد كردبووایە، بۆ نموونە لە پرسی بوودجەدا بێدەنگ نەبایە، بۆیە ئەم بێهەڵوێستییەی، شەقامی كوردستانی نیگەران كردووە".

كەرەم ئەوەیشی گوت، ئەوانەی باس لەوە دەكەن كە سەرۆككۆمار دەستەڵاتی نییە، راست نییە، چونكە دەستەڵاتی هەیە، بەڵام بەكاری ناهێنێت، هەر لەبەر ئەمەیشە خەڵكی لە سەرۆككۆمار نیگەرانن، چونكە ناكرێت نوێنەری خەڵك بێت و هیچ هەڵوێستێكیشی دەرهەق بە كورد نەبێت و بێدەنگ بێت.
kdp-
Top