بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، كه‌ كێشەی هەولێر و بەغدا مووچە نییە

 	 بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، كه‌ كێشەی هەولێر و بەغدا مووچە نییە
بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق ڕایگەیاند، كێشەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا سیاسییە نەك مووچە، بەڵام بەغدا دەیەوێت لە رێگەی ئابوورییەوە لە هەرێم بدات و لاوازی بكات، بۆیە خەڵكی هەرێمی كوردستان لەوە گەییشتوون كە كێشەكە سیاسییە و ئابووری نییە.

هەرێمی كوردستان ماوەی چەندین ساڵە گفتوگۆ لەگەڵ حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكان دەكات بۆ ئەوەی مافە یاسایی و دەستوورییەكانی بۆ دابین بكرێت، بەڵام بەغدا رۆژ بە رۆژ سزای زیاتری هەرێمی كوردستان دەدات و، لەجیاتی چارەكردن، كێشەكانی قووڵتر دەكاتەوە، لە ئێستایشدا بەردەوام بەڵێنی بێكردار لەلایەن سەرۆكوەزیرانی بەغداوە بە خەڵكی هەرێمی كوردستان دەدرێت و هەندێك لایەنی هەرێمی كوردستانیش لەجیاتی ئەوەی گلەیی لە بەغدا بكەن و رەخنەی لێ بگرن، لێی دەپاڕێنەوە تا مووچە رەوانە بكات.

نه‌بی كه‌ مامۆستای كۆلیژی كارگێڕی و ئابووریییه‌ بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: " قسەكانی ئەم جارەی سەرۆكوەزیرانی عێراق رەنگە وا بن، كه‌ لەبارەی كردنەوەی فڕٍۆكەخانەكان و رێككەوتنی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا كردبێت، بەڵام سەبارەت بە مووچە رەنگە مووچەیەكی هەردوو وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە رەوانە بكات، ئەمەیش گوایه‌ بۆ نیشاندانی نیازپاكییەتی، به‌ڵام دواتر هیچی دیكە رەوانە ناكات، چونكە تاوەكوو لەگەڵ هەرێم نەگەنە رێككەوتن، هیچ رەوانە ناكات و ئەمەیش پێویستی بە گفتوگۆیەكی درێژ هەیە".

نەبی ده‌ڵێ: "كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا سیاسین و هێندە بچووك نین لە مووچەدا كورت بكرێنەوە، بەڵام ئەمە لە بوودجەدا رەنگی داوەتەوە، چونكە ئەو بەشە بوودجەیەی بۆ هەرێمی كوردستان دانراوە كە شەش ترلیۆن و نیوە، زۆر لەوە كەمترە كە بتواندرێت مووچەی فەرمانبەرانی پێ دابین بكرێت، چونكە ئەمە تەنها بەشی چەند مانگێك زیاتر ناكات، جگە لەوەیش، ئەوان باس لەوە دەكەن كە سێ ترلیۆن دیناری دیكەیشیان زیاد كردووە، بەڵام ئەمە راست نییە، چونكە ئەو پارەیە بۆ پارەی یەدەگی فریاكەوتن دانراوە، كە بۆ ئەوەیە گەر پارە بۆ مووچە بەشی نەكرد، ئەو پارەیە خەرج دەكەن، بۆیە ئەمە تەنیا بۆ هەرێمی كوردستان نییە و بڕیاریشە لە كۆتایی ساڵدا خەرجی بكەن".

بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی حكوومەتی عێراق ڕوونیشی كردەوە: "لە ئێستادا هەموو خەڵكی كوردستان لەوە تێگەییشتوون كە كێشەی ئێمە لەگەڵ عێراقدا، كێشەی سیاسییە نەك تەنیا مووچە، بەڵام نایانەوێت بەو جۆرە باسی بكەن و لە رێگەی بوودجەوە ئەو كارە بەرانبەر بە هەرێمی كوردستان دەكەن، پێشتریش سیاسەت دایكی ئابووری بوو، بەڵام ئێستا ئابووری دایكی سیاسەتە، بۆیە بەغدا دەیەوێت لە رێگەی ئابوورییەوە لە هەرێمی كوردستان بدات و لاوازی بكات، لەبەر ئەوە، كێشەی گەورەی نێوان هەرێم و بەغدا سیاسییە نەك ئابووری".
kdp-
Top