سەڵاح دەلۆ: هیچ سەردەمێك وەك ئێستا رەوشی كەركووك خراپ نەبوە

 سەڵاح دەلۆ: هیچ سەردەمێك وەك ئێستا رەوشی كەركووك خراپ نەبوە
بەرپرسی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك-گەرمیانی پارتی، دڵنیایی ئەوە بە خەڵكی كەركووك دەدات، رەوشی ئێستای كەركووك بەو شێوەیە نامێنێت و دەڵێ، هیچ سەردەمێك وەك ئێستا رەوشی كەركووك خراپ نەبووە.

سەڵاح دەلۆ، بەرپرسی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك گەرمیانی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "هەر لە سەرەتای داگیردنی شاری كەركووكەوە لە 16ـی ئۆكتۆبەردا، تا ئێستا رەوشی كەركووك لە ڕووی ئەمنییەوە ئاڵۆزە و عێراق ناتوانێ رەوشی كەركووك كۆنتڕۆڵ بكات، لەبەر ئەوەیش رەوش لە كەركووك زیاد لە حەد خراپە و بە بێ كورد مەحاڵە بەغدا كۆنتڕۆڵی ئەمنیەتی كەركووك بكات، شەو و رۆژ لەكەركووك كوشتن و رفاندن و خەڵكگرتن هەیە، ئەوەی لە شاری كەركووك دەگوزەرێ، لە هیچ سەردەمێكدا وەك ئێستا خراپ نەبووە".

رۆژی 16ـی ئۆكتۆبەری ساڵی رابرد، عێراق بە پیلانێكی پێشتر بۆداڕێژراو هێرشی كردە سەر كەركووك و بە هۆی سیاسەتی داگیركارییەوە ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیانی كەركووك ئاوارە بوون، دوای داگیركارییش رەوشی كەركووك بە شێوەیەك ئاڵۆز بووە، كە بەشێك لەوانەی پێشتر بەهانەیان بۆ رەوشی كەركووك دەهێنایەوە، ئێستا پاشگەز بوونەتەوە و ددان بە خراپی و ئەنجامدانی تاواندا دەنێن لە لایەن حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەكانەوە.

ده‌لۆ گوتیشی: "رەوشی ئێستای كەركووك جێگەی قبووڵكردن نییە و خەڵكی كەركووك دڵنیا دەكەینەوە كە رەوشی ناوچەكەیان ئاسایی دەبێتەوە، بەڵام كاتی دەوێت بۆ ئاساییكردنەوە و، بەر لە هەموو هەنگاوێكیش پێویستە لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان بەكگرتوو بن، چونكە ئێستا دەبینین لە عێراقدا زۆرینە دەیەوێ دەستەڵاتی بەسەر ئەوانی تردا هەبێت، لەبەر ئەوەیش دەبێت كورد یەكگرتوو بێت و بیر لە خۆی بكاتەوە، خۆ ئێمەیش دەستەوەستان لە هەمبەر رەوشەكەدا ناوەستین و دڵنیاین رەوشی كەركووك بەو ئاڵۆزی و داگیركارییەوە نامێنێت ".











باسنيوز
Top