بەرپرسێکی یەکێتی: ئەو گۆڕانکارییانەی لە عێراقدا کراون لە توانای فوئاد مەعسوومدا نییە

 بەرپرسێکی یەکێتی: ئەو گۆڕانکارییانەی لە عێراقدا کراون لە توانای فوئاد مەعسوومدا نییە
جێگری بەپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە ھەولێر ڕای دەگەیەنێت، ھەرچەندە فواد مەعسووم قوتابی مام جەلال بووە، بەڵام ئێستا کۆمەڵێک گۆڕانکاری کراوە کە لە توانای ئەودا نییە، بەڵام ئەگەر مام جەلال لەم دۆخەی ئێستادا بوایە ئەوا دەیتوانی دۆخەکە کۆنترۆڵ بکات.



ڕێبوار ئیسماعیل، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە ھەولێر، لەمبارەوە ڕاگەیاند: "مام جەلال لەگەڵ ھیچ ھەڤاڵێکی دیکەدا بەراورد ناکرێ، چونکە ئەو شەخسیەتێکی گەورەی ھەبوو، کاتێک ئەو سەرۆک کۆماری عێراق بوو مەرجەعەکان ناویان لێنابوو "سەمام ئەمان عێراق"، دوای نەخۆشکەوتنی مام جەلال، دۆخی عێراق ١٠٠٪ گۆڕا و پەیوەندیی نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراقیش گۆڕا و داعش پەیدا بوو، بۆیە کۆمەڵێک گۆڕانکاری کران کە لە توانای کاک دکتۆر فوئاددا نییە، ئەگەرچی ئەو قوتابیی مام جەلال بووە، ھەرچەندە دەبێ قوتابی لە مامۆستاکەی زیرەکتر بێت، بەڵام لە ڕووی سیاسییەوە نە، چونکە ھەلومەرجی سیاسی تەحەکوم دەکات".



ئەو بەرپرسەی یەکێتی ئەوەشی خستە ڕوو: "بەڕێوەبردنی عێراق لە دوای مام جەلال زۆر گۆڕانکاریی بەسەردا ھاتووە، بەدڵنیاییەوە ئەگەر مام جەلال ئێستا ھەبوایە، ئەوا دەیتوانی کۆنترۆڵی دۆخەکە بکات و بە ئاقارێکی دیکەیدا دەبرد".



جگە لەو نیگەرانییانەی لەناوخۆی کوردستاندا بەرامبەر بە فوئاد مەعسووم، سەرۆک کۆماری عێراق هەیە، لە شەقامی کوردستانیشدا گازاندەیەکی زۆری لێ دەکرێت و بەردەوام باس لەوە دەکرێت کە بەهۆی دەستگرتنی بە کورسیی سەرۆک کۆمارییەوە، هیچ بیرێکی لای پاراستنی مافەکانی کورد نییە.



ئەمە لە کاتێکدایە کە لە دوایین دیداری خۆیدا لەگەڵ میدیاکانی عێراق، فوئاد مەعسووم ڕەتی کردووەتەوە پەیوەندی بە بابەتی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی عێراقدا هەبێت و دەسەڵاتەکانی خۆی لەمبارەیەوە بەکار ناهێنێت.





باسنیوز
Top