سەرکردەیەکی یەکێتی: عەبادی دەڵێ مووچەی دوو وەزارەت دەنێرم بەڵام تەنیا قسەیە
جوان ئیحسان، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رايگەیاند: ”ئەگەرچی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، بەڵێنی ئەوەی داوە کە مووچەی وەزارەتی پەروەردە و تەندروستی بنێرێت، بەڵام ئەوە تەنیا قسەیەکە کراوە، تەمەنای ئەوە دەکەین کە ئەو قسەیە ببێت بە واقیع، چونکە ساڵانێکی زۆرە هاووڵاتییان بەھۆی قەیرانی دارایی و سیاسییەوە دەناڵێنن، بۆیە پێویستە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ھەنگاوەکانی خۆی چڕتر بکاتەوە بۆ ئەوەی کێشەی ھاووڵاتییان چارەسەر بکات و خۆشگوزەرانی بگەڕێتەوە“.
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی، ئەوەشی خستە روو، کە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا تەنیا بە خودی عەبادی ناکرێت، بەڵکو بە پێویستی دەزانێت، لێکتێگەیشتنێکی فراوانی ھەمەلایەنە لەنێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا بوونی ھەبێت، ھەروەھا بەپێی دەستوور مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکەن.
ئاشکراشی کرد، کە چارەسەرکردنی کێشەکان ”ڕەنگە پەیوەندی بە ھەڵبژاردنەکانەوە ھەبێت، چونکە دوای ھەڵبژاردنەکان دەرگاکان بەڕووی چارەسەرکردنی کێشەکاندا دەکرێنەوە“.
بە بڕوای ئەو سەرکردەیەی یەکێتی، لەدوای ھەڵبژاردنەکانی عێراقەوە، ”کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا بەشێوەیەکی ڕێژەیی چارەسەر دەبێت“.
باسنيوز
