هاوپەیمانێتییەکەی بەرهەم ساڵح وەڵامی بەرپرسێکی بزووتنەوەی گۆڕان دەداتەوە

 هاوپەیمانێتییەکەی بەرهەم ساڵح وەڵامی بەرپرسێکی بزووتنەوەی گۆڕان دەداتەوە
بەرپرسێکی ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری کە بەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرۆکایەتی دەکات، وەڵامی عەبدوڵای کوێخا موبارەک، بەرپرسی مەکۆی چەمچەماڵی بزووتنەوەی گۆڕان دەداتەوە و نایشارێتەوە کە ئەوان ڕێککەوتنیان لەگەڵ گۆڕان کردووە وەک بزووتنەوەیەک، نەک لەگەڵ هەڵسووڕاوەکانی.

دوای ئەوەی عەبدوڵای کوێخا موبارەک، لە ئەکاونتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بابەتێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ”بەرھەم ساڵح چەندین سەرکردە و ئەندام مەڵبەند و کۆمیتەی یەکێتی لەگەڵ دایە، بەڵام تا ئێستا ڕێگای نەداوە کەس لەوانە بێنە دەرەوە لە یەکێتی و بچنە نێو لیستی ھاوپەیمانی، بەڵام خودی خۆی و ئەندامانی لیستەکەی بە پەرۆشەوە بە دوایی لایەنگرانی گۆڕان و لایەنە ئیسلامییەکاندا دەگەڕێن“.

لە بەرامبەردا د. ڕێبوار کەریم، سەرکردە لە ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری، ڕايگەیاند: ”ئێمە ڕێککەوتنمان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕاندا لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان ھەیە، ھەروەھا ڕێککەوتنەکەمان لە ناو گۆڕاندا لەگەڵ ھەڵسووڕاوێکی دیاریکراو نییە، بۆیە ھیچ ڕوونکردنەوەیەکمان لەسەر ئەمە نییە“.

لەبارەی قسەکانی عەبدوڵای کوێخا موبارەک کە گوتبووی گومان دەکات دوای هەڵبژاردن، بەرهەم ساڵح و هاوپەیمانێتییەکەی بگەڕێنەوە ناو یەکێتی، ڕێبوار کەریم گوتی: ”ھیچ ڕوونکردنەوەیەکمان لەسەر ئەو بابەتە نییە“.










باسنيوز
Top