سەرکردەیەکی داعش لە باشووری مووسڵ دەستگیر کرا
بەپێی بەیاننامەیە، سەعد مەعن، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراقی رایگەیاندووە، ئەو سەرکردەیەی داعش خەڵکی گوندی سەید حەمەدە لە شارەدێی نەمروود لە باشووری رۆژهەڵاتی مووسڵ.
سەعد مەعن بەبێ ئاماژەکردن بە ناوی دەستگیرکراوەکە، رایگەیاندووە، کە ئەو سەرکردەیەی داعش بەرپرسی ئۆپەراسیۆنەکانی دەستبەسەرداگرتنی چەک و تەقەمەنی بووە و لە گەڕەکی کەڕامە لە بەری چەپی مووسڵ، دەستگیر کراوە.
دەستگیرکردنی ئەو سەرکردەیەی داعش لە مووسڵ و جموجۆڵە رۆژانەکانی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە لە شارەکانی عێراق لە کاتێک دایە، کە حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە مانگی 12ـی ساڵی رابردوو رایگەیاند، هەموو خاکی عێراقی لە داعش رزگار کردووەتەوە و ئەو رێکخراوە لە عێرق نەماوە.
باسنيوز
