عەرەب و تورکمانەکانی کەرکووک ناڕەزایی بەرامبەر ھەڵواسینی وێنەی خومەینی و خامەنەیی دەردەبڕن
بەپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی هەواڵی (یەقین)، چەند چالاکوانێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وێنەی راکان سعید جبووری، پارێزگاری سەپێنراوی شاری کەرکووکیان بڵاو کردەوە کە لە بارەگایەکی حەشدی شەعبیی تورکمانی لەو شارە دانیشتووە و لەگەڵ یەکێک لە سەرکردەکانی حەشدی شەعبی کۆ بووەتەوە.
لەبارەی بڵاوبوونەوەی وێنەی راکان سەعید جبووری، پارێزگاری سەپێنراوی شاری کەرکووک، دەرچوونی وێنەی خامەنەیی و خۆمەینی لە پشت سەرییەوە، چەندین قسەی لە تۆڕە کۆمەڵاتییەکاندا لە دوای خۆی ھێنا.
لە وێنەکەدا دیارە کە وێنەی ھەریەکە لە ڕوحوڵا خومەینی، رابەری پێشووی شۆڕشی ئێران، و عەلی خامنەیی، رابەری ئێستای کۆماری ئیسلامیی ئێران، ھەڵواسراوە.
میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، دوای ئەوەی کە توانیان، لە رێگەی خیانەتی باڵێکی ناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوودا، دەست بەسەر کەرکووکدا بگرن، لەو کاتەوە ھەڵکردنی ئاڵای کوردستانیشیان لەو شارە قەدەغە کردووە.
جگەلە کاردانەوەکانی جەماوەر و لایەنە کوردستانییەکان، چەندین ناوەند و کەسایەتیی عەرەبیش کاردانەوەیان لە بەرامبەر ئەو وێنەیەی پارێزگاری سەپێنراوی کەرکووک ھەبوو، زۆرێک لە رەخنەگرە عەرەبەکان لەسەر لاپەڕە و ئەکاونتە کۆمەڵایەتییەکانیان نووسیویانە "دەیانگوت کەرکووک لە کوردەکان وەردەگرینەوە، بەڵام دواجار رادەستی ئێرانیان کرد"، یەکێکی دیکە نووسیویەتی "ھەر کەسێک ئەو وێنەیە ببینێ، دەزانێ کێ فەرمانڕەوای عێراقە".
باسنيوز
