لە یەک ساڵدا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان 41 ژنی کورد دەستگیر و دوو کەسیش لەسێدارە دراون

 لە یەک ساڵدا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان 41 ژنی کورد دەستگیر و دوو کەسیش لەسێدارە دراون
بەپێی ڕاپۆەتی سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا، بەگشتی 41 ژنە چالاکوانی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیر و 6 ژنیش حکومی زیندان و تازیانەیان بۆ بڕاوەتەوە و دوو ژنیش لەسێدارە دراون.

بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەدنی ئاماری ماڵپەڕی مافی مرۆڤی (هەنگاو)، لە ڕێکەوتی 8ی مارسی ساڵی 2017ەوە هەتا ڕێکەوتی 8ی مارسی 2018 بەگشتی 41 ژنی کورد لەلایەن دامودەزگا ئەمنییەکانی ئێران لە ناوچە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیر کراون.

بەپێی هەمان ڕاپۆرت، لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا 24 ژنی کورد بە تۆمەتی چالاکیی سیاسی و بەشداری لە کۆبوونەوە ناڕەزاییەکان، 9 ژنی دیکەی کورد بە تۆمەتی چالاکیی مەزهەبی (پێڕەوانی سەر بە مەزهەبی سوننە و بەهایی) و 6 ژنی چالاکوانی مەدەنی و هاوکات کجێکی تەمەن 5 ساڵ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەسگیر کراون.

زۆرترین ژمارەی ژنانی دەستگیرکراو لە پارێزگای سنە بووە کە 17 کەس و دواتر پارێزگاکانی ورمێ و کرماشان بە 11 و 9 حاڵەت و پارێزگای ئیلامیش بە 4 ژنی دەستگیرکراو لەو ڕیزبەندییەدان.

هەمان سەرچاوەی ئاماژەی بەوەش کرد لەماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا 6 ژنی کورد بە تۆمەتی سیاسی و مەدەنی حوکمی زیندان، لێدانی تازیانە و دانی جەریمە (غەرامە)یان بۆ بڕاوەتەوە.

ئەو چالاکوانە ژنە کوردانە سەرجەم بە سێ ساڵ و سێ مانگ زیندان و 100 قامچی تازیانە و دانی بڕی 3 ملیۆن 600 هەزار تمەن غەرامە حوکم دراون.

هاوکات لەو ماوەیەدا دوو ژنی کورد بە تۆمەتی هەڵگرتن و فرۆشتنی مادە هۆشبەرەکان، لە گرتووخانەی ناوەندیی ڕەشت لەسێدارە دراون.

ئەو دوو ژنە خەڵکی شارەکانی ورمێ و قووچان لە پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی بوون.











باسنيوز
Top