وێنەیەكی پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك لە بارەگای حەشد هەرا دەنێتەوە
دوای ئەوەی لە ئەنجامی خیانەتەكەی 16ی ئۆكتۆبەری سەرانی باڵێكی یەكێتی، شاری كەركووك رادەستی میلیشیای حەشدی شیعی ئێرانی و سوپای عێراق كرا، ئەمڕۆ وێنەیەكی پارێزگارە سەپێندراوەكەی كەركووك لەژێر تابلۆی خومەینی دەنگدانەوەیەكی زۆری دروست كرد.
وێنەكەی راكان سەعید كە وەك پارێزگاری كەركووك بەوەكالەت دەناسێندرێ، لە میانی سەردانیكردنی بارەگای حەشدی توركمانی لە كەركووك گیراوە، لە كاتی كۆبوونەوەیدا لەگەڵ یەكێ لە فەرماندە ئێرانیەكانی حەشد، لە پشت سەریەوە وێنە هەڵواسراوەكانی خومەینی و خامەنەیی دەرچوون.
هەڵواسینی وێنەكانی خومەینی ڕێبەری پێشووتری شۆڕشی ئیسلانی ئێران و خامەنەیی ڕێبەری ئێستەی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە كەركووك، لە كاتێكدایە كە لەوەتەی خیانەتەكەی 16ی ئۆكتۆبەرەوە، كە لەلایەن لاهور جەنگی و پاڤڵ تاڵەبانی و چەند كەسێكی تری یەكێتی ئەنجام درا، هەڵواسینی ئاڵای كوردستان لەم شارە كوردستانیەدا قەدەخەیە.
وێنەكەی ئەركان سەعید لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی عێراقدا كەوتووەتە ژێر شەپۆڵێكی گەورەی رەخنەوە و هاووڵاتیانی عەرەب نووسیویانە باسی ئازادكردنی كەركووكتان دەكرد لە دەست كورد، كەچی شارەكە رادەستی ئێران كرا.
هەروەها ئاماژەیان بەوە داوە كە ئەوەی سەیری وێنەكە بكات، دەزانێ كێ حوكمی عێراق دەكات.
BAS NEWS-
