گەرمیان.. ھاووڵاتییەک بەھۆی وەرگەڕانی ماتۆرسکیلەکەی گیانی لەدەست دا

 گەرمیان.. ھاووڵاتییەک بەھۆی وەرگەڕانی ماتۆرسکیلەکەی گیانی لەدەست دا
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گەرمیان، گیان لەدەستدانی شۆفێری ماتۆرسکیلێکی بەھۆی وەرگەڕانی ماتۆرسکیلەکەیەوە ڕاگەیاند.

ڕایدی مافپەروەر عەلی جەمال قدووری، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گەرمیان، ڕايگەیاند: "بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 7/3/2018، لەسەر ڕێگای کەلار ـ شارەدێی کوڵەجۆ، ماتۆرسکیلێکی سێ تایە وەرگەڕا و بەوھۆیەوە شۆفێرەکەی گیانی لەدەست دا".

دەشڵێت: "شۆفێرەکە ناوی (س، خ، ئ) ە و تەمەنی 26 ساڵ بووە، ھەروەھا دانیشتووی شارەدێی گوڵاڵە بووە و بەڕەگەز عەرەبە".

ئاماژەی بەوەش دا، کە دوای ڕووداوەکە تەرمی شۆفێرەکە ڕەوانەی پزیشکی دادوەریی کەلار کراوە.

بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتیی ھاتوچۆی گەرمیان، لە ساڵی 2017دا، 264 ڕووداوی ھاتوچۆ لە سنووری ئیدارەی گەرمیان ڕوویان داوە، بەھۆیانەوە 46 ھاووڵاتی گیانیان لەدەست داوە، 373 ھاووڵاتیی دیکەش بریندار بوون.









باسنيوز
Top